شارپرێس:
لەكۆتایی ئەم هەفتەیە شاری ئۆكاسای ژاپۆنی، بەئامادەبوونی ڕێبەری ئەو وڵاتانەی، كە نوێنەرایەتی گەورەترین ئابوورییەكانی جیهان دەكەن، كۆبوونەوەی ( ١٤) یەمینی لوتكەی كۆمەڵەی بیست بەڕێوەدەچێت.
لە لوتكەی كۆمەڵەی بیست جگە لە سەرۆك و ڕێبەری ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتی گەورەترین ئابوورییەكانی جیهان دەكەن ، ژمارەیەك سەركردەی وڵاتانی تریش بانگهێشتی لوتكەكە دەكرێن ئەوە جگە لە ڕێكخراوە نێدوەوڵەتی و هەرێمییەكان .
خشتەی كاركردنی لوتكەكە كۆمەڵێك دۆسیەی دارایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت ، لەنێوانیاندا وزە و ژینگە و كەشوهەوا و ئابووری ژمارەیی و بازرگانی و چاودێری تەندرووستی و پەروەردە و كار .
بەڕێوەچوونی لوتكەی بیست لەئەمساڵ لەكاتێكدایە، كە جیهان گرژی و ئاڵۆزییەكانی زۆر لەنێوان تاران و واشنتۆن بەخۆوە دەبینێت ، هەروەك كۆمەڵێك لە دەوڵەتانی بەشداری لوتكەكەش هەوڵ دەدەن گرژییەكانی نێوانیان هێور بكەنەوە.
بیرۆكەی درووستبوونی لوتكەی بیست بۆ ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە، كە سەرەتا تەنیا ٧ وڵاتی پیشەسازی لەخۆ دەگرت ئەوانیش فەرەنسا ، ئەڵمانیا ، ئیتالیا ، كەنەدا، یابان ، بەریتانیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوون، ئەوكات بەناوی گرووپی ٧ ناسرا بوو ، دواتر رووسیاش هاتە ناو كۆمەڵەكە و بوو بە G8.
لەساڵی ١٩٩٩ ، لەپەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەی G8 لە واشنتۆن ، بەئامانجی بەهێزیكردنی سەقامگیری دارایی نێودەوڵەتی و دۆزینەوەی دەرفەتی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتانی پیشەسازی و وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا گرووپی بیست دامەزرێنرا .
گرووپەكە لە ٢٠ دەوڵەت پێكدێت كە بریتین : وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، كەنەدا ، مەكسیك ، بەرازیل ، ئەرجەنتین ، فەرەنسا ، بەریتانیا ، ئەڵمانیا ، ئیتالیا ، باشووری ئەفریقیا ، توركیا ، رووسیا ، چین ، یابان ، كۆریای باشوور ، هیندستان ،سعوودییە ، ئوسترالیا ، یەكییەتی ئەوروپا .
گرووپی ٢٠ نزیكەی ٦٦% ژمارەی دانیشتووانی جیهان و ٧٥% بازرگانی نێودەوڵەتی و ٨٠% وەبەرهێنانی جیهانی و ٨٥% تێكڕای بەرهەمی جیهانی پێكدەهێنن .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی