چوار هۆكاری دۆڕانی ئەردۆغان‌و ئاكەپە لەئەستەنبوڵ

جیهان

01/07/2019‌ 1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی ئەستەمبوڵ و دۆڕانی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیمام ئۆغڵۆی ڕكابەریدا، 4 هۆكاری سەرەكی هەبوون.

یەكەم ڕزگاركردنی دیموكراسیەت لە توركیا: 
كێبڕكێی هەڵبژاردنەكە تەنها هەر كێبڕكێكاری نەبوو لەسەر پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەستەمبوڵ، بەڵكو جەنگێك بوو بۆ ڕزگاركردنی دیموكراسی لە كار و ڕەفتارەكانی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغانی سەرۆكی، ئەمەش دوای ئەو فشارانەی خستیانەسەر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بردنەوەی ئیمام ئۆغڵۆ لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەو شارە كە ناڕەزایی و دووڕدۆنگییەكی زۆری لای دەنگدەرە توركەكان دروستكرد، چونكە پێیان وابوو ئەو بڕیارە هەڕەشە لە دیموكراسی دەكات لە توركیا، بۆیە پێیان وابوو دەنگدان بۆ پاڵێوراوەكەی ئۆپۆزسیۆن ڕزگاركردنی دیموكراسی توركییە، بەمەش گوزارەیان لە ناڕەزایی خۆیان كرد لە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان، ئۆپۆزسیۆنیش سەركەوتوو بوو لە وەرچەرخاندنی جەنگی هەڵبژاردن بەرە و ئەو ئاراستەی باسكرا.

دووەم یەكڕیزی ئۆپۆزسیۆن: 
بە تەنیشت هاوپەیمانی پارتی گەلی كۆماری و هاوپەیمانی گەلەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنە بچوكەكانیش (چەپی دیموكراسی، حزبی شیوعی توركی، پارتی دیموكراتی توركیا) پاڵێوراوەكانی خۆیان لە دووبارە هەڵبژاردنەكانی ئەستەمبوڵ كشاندەوە وەك پاڵپشتییەك بۆ ئیمام ئۆغڵۆی ڕكابەر لە دژی بن عەلی یەڵدرمی پاڵێوراوەكەی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەمە سەرباری پشتیوانی پارتی گەلی دیموكراسی كوردی كە هەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكانەوە هیچ پاڵێوراوێكیان دژ بە ئیمام ئۆغڵۆ پیشكەش نەكرد.

سێیەم شكستی هەوڵەكانی ئەردۆغان لە نزیكبوونەوە لە كوردەكان: 
لە 13 ی مانگی مایۆ حكومەتی توركیا ئەو بڕیارانەی قەدەغەكردنی چاوپێكەوتنی عەبدوڵا ئۆج ئالانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانی هەڵوەشاندنەوە، بەمەش ئۆج ئالان توانی پارێزەرەكانی ببینێت، پێدەچێت لێكتێگەیشتنێك لە نێوان حكومەتی توركیا و ئۆج ئالاندا لە ئارادا بوو بێت كە لە 20 یۆنیۆ ئۆج ئالان نامەیەكی ئاراستەی پارتی گەلی دیموكراسی كوردی كرد و داوای بیلایەنی لێكردن لە دووبارە هەلبژاردنەكانی ئەستەمبوڵ، بەڵام ئەو پارتە بەدەم داواكەی ئۆج ئالانەوە نەهاتن و دژی پاڵێوراوەكەی ئەردۆغان وەستانەوە.

هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ نزیكبوونەوە لە كوردەكان وای نیشاندا، كە پڕۆسەیەكی ئاشتی ناوخۆییی هاتۆتەئاراوە، بەمەش نەتەوە پەرستە توركەكان توڕەبوون و ژمارەیەكیان دەنگیان بۆ پاڵیوراوەكەی پارتی داد و گەشەپێدان نەدا.

چوارەم بەردەوامی تێكچوونی دۆخی ئابووری توركیا: 
بە گویرەی پەیمانگای ئاماری توركی حكومی تێكرای هەڵاوسان لە توركیا لە مایۆی 2019 گەیشتۆتە 18.72% ، ئەمەش بە بەراورد بە مایۆی 2018 كە ڕێژەكە 12.15% بوو. ڕێژەی بێكاریش لە ماڕسی 2019 گەیشتە 14.1%، بەمەش ڕێژەی بێكاران لە توركیا بەرزبۆوە بۆ نزیكەی 334 هەزار كەس، بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی پیشوودا.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر