نرخەكەی 830 هەزار دۆلارە.. تابلۆی ژمارە یەكی ئۆتۆمبیلی هەڵەبجە لەنێوان پێشوازیلێكردن‌و رەتكردنەوەدا

عیراق

02/07/2019‌ 1885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خاوەن ئۆتۆمبیلەكان بەدوای وردەكاری ورددا دەگەڕێن بۆ تایبەتمەندییەتی ئۆتۆمبیلەكانیان، وەك رەنگی سەرەنجراكێش و رازانەوەی ناوازە، بەڵام چی دەبێت ئەگەر تێچووەكەی چەندین جار لەنرخی خودی ئۆتۆمبیلەكە زیاتر بێت؟ 

ئەمە فەرمانگەی هاتووچۆی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، بەوەی هاووڵاتییەك مامەڵەی پێشكەش كردووە بۆ كڕینی تابلۆیەكی ئۆتۆمبیل ی هەڵگری ژمارە (1) بە نرخێكی خەیاڵی، كە دەگاتە یەك ملیار دینار (830 هەزار دۆلاری ئەمریكی).
ئەو هەواڵە كاردنەوەی زۆری لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروست كردووە، زۆربەی ئەوانە سەریان لەو نرخە زۆرە سوڕماوە و چەندین كۆمێنتیان لەو بارەیەوە نووسیوە.

ساڵح بەدیر لەسەر فەیسبووك نووسیویەتی: "بڕەكە ئیجگار زۆرە"، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە تێچووەكەی لەسەروی نرخی ئۆتۆمبیلەكەوەیە بەچەندین جار و وای داناوە بازرگانیكردنە بە ژمارە دیارەكانەوە.

هەروەها رەسوڵ زاهیر بەگاڵتەجاڕییەوە نووسیویەتی: تەنیا نیوەی ئەو بڕە پارەیەم هەیە، بۆیە ژمارە دوو دەكڕم لەجیاتی ژمارە یەك.

لای خۆیەوە حازم هەركی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەو بڕە پارەیەو وای داناوە بازرگانیكردنی بە عەقڵی نەزانەكان، نووسیویەتی: ئەوە تەنیا ژمارەیە، جیاوازی چییە ئەگەر یەك ژمارە بێت، یان شەش ژمارە، پاشان بە گاڵتەجاڕییەوە نوسیویەتی: لە هەموو دۆخێكدا پۆلیسی هاتووچۆ سەرپێچیەكە دەنوسێ.

بەڵام فراس حسێن نووسیویەتی : تایبەتمەندییەتی پەیوەندی بەژمارەوە نییە بەڵكو بە ئەخلاقیاتی شۆفێرەوە هەیە بۆ یاساكان، جا ئەگەر شۆفێری ئۆت‌ومبیلێكی نوێ بێت یان كۆن.

هاوكات محەمەد رەواس لەم بارەیەوە نووسیویەتی: با پارێزگایەكی نوێ دروستبكەین‌و ژمارەكەی بفرۆشین بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بین.

هاوكات ئەمیر سەلیم هاووڵاتییەكی هەڵەبجەیە بۆ جەزیرە نت دەڵێت: رەنگە فرۆشتنی ئەو تابلۆیە لە مەزادكردندا هۆكارێكی باش بێت بۆ ئەوەی ببێتە درامەتێك و پرۆژە وەستاوەكانی شارەكەی پێ تەواو بكرێت و بەشدار بێت لە ژێرخانی ئابوریدا. 

ئەو هیواش دەخوازێ ئەگەر بتوانێ تابلۆیەكی وەها بكڕێ بۆ بەشداری كردن لەگەشانەوەی شارەكەدا و بە كارێكی خێر خوازی چواندوە.

مەزاد و وەبەرهێنان
بەرێوەبەری ئیدارەی هاتوچۆی گشتی لەپارێزگای هەڵەبجە حەسەن عەبدوڵڵا بۆ جەزیرە نت وتی: تابلۆكان لە ژمارە یەكەوە تا هەزار لەمەزاد كردنێكی ئاشكرادا دەخرێنە روو، بەبێ ئەوەی كاتەكەی دیاری بكات.

حەسەن عەبدوڵڵا باسی قەبارەی داهاتە پێشبینی كراوەكانی نەكردووە لە فرۆشتنی تایلۆكاندا، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، مەزادەكە لە پلانێكی رێكخراودا دەبێت لە گەل حكومەتی لۆكاڵی شارەكە و پاشان پارەكە دەچێتە گەنجینەی شارەكەوەو لەپرۆژە ئابوورییەكانی پارێزگاكەدا خەرج دەكرێت.

لای خۆیەوە مامۆستای گەشەسەندنی ئابووری هاشم زێباری دەڵێت: تابلۆی ئۆتۆمبیلی ژمارە ناوازە دۆخێكی وەها دروستناكات، كە بازار سوودی لێ ببینێ، دەكرێت حكومەت ئەم جۆرە بازرگانییە بقۆزێتەوە لەرێگەی دەركردنی یاسا و رێنمایی تایبەتەوە، بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بەشێوەیەكی ئاشكرا بخرێـتە مەزادە رسومی ساڵانەی لەسەر دابنرێت لە كاتی كڕین و فرۆشتندا و سود لەو رسوماتە وەربگێرێ، پاشان داهاتەكانی بخرێتە گەنجینەوەو بۆ پاڵپشتی كردنی پرۆژەی گەشەسەندن‌و كۆمەڵایەتی خزمەتگوزاری گشتی تەرخان بكرێت.

لەئێستادا ئۆتۆمبیلەكانی شاری هەڵەبجە تابلۆی پارێزگای سلێمانیان لەسەر بووە، بەهۆی ئەوەی لە رووی ئیدارییەوە سەر بەو پارێزگایەن، بەڵام حكومەتی عێراقی لەئابی ساڵی رابردوو رەزامەند بوو لەسەر ئەوەی هەڵەبجە وەك پارێزگا بناسێنێت و ببێتە پارێزگای چوارەم لەهەرێمی كوردستان و نۆزدەیەم لەعێراق، لەهەمان كاتدا حكومەتی عێراق رەزامەندی داوە لەدروستكردنی فەرمانگەی تایبەت بە كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت و تابلۆی ئۆتۆمبیل.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2014 بریاری دروستكردنی پارێزگا نوێیەكەی داوە، بەڵام بە شێوەیەكی كرداری كار لە بڕیارەكە نەكرابوو.

سەرچاوە: الجزیرە. نت
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا