توركیا پێویستی بەجێگرەوەی رۆژئاوا هەیەو ئەو جێگرەوەیەش روسیایە

جیهان

17/07/2019‌ 1056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ژێر ئەم ناونیشانەدا گۆڤاری –ئۆراسیا دیلی- دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەنووسی تورك و شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست موسا ئۆزوگورلو بڵاوكردووەتەوە دەربارەی رۆڵی دوولایەنەی ئەنقەرە لە سوریا، سەرەرای پێویست بوونی زۆری بە روسیا و هەندێ خاڵی تر.

لە دیدارەكەدا پرسیاری ئەوە كراوە، كە بۆچی توركیا نەیتوانیوە تیرۆریستەكان لە بەرهەلستكارە میانڕەوەكان جیابكاتەوە لە ئیدلب؟

هەروەها لەدیدارەكە هاتووە، كە توركیا دەیەوێ ئەو رێكخراوە تیروریستیانە وەك ئامرازێك دژی دەسەڵاتەكانی سوریا و روسیا و ئێران بە كاربهێنێت.. چونكە پاش هەرەسهێنانی ئەو رێكخراوانە، توركیا سەرجەم ئەو زەوییانە لەدەست دەدات كە دەستی بەسەرداگرتبوو. ئەمەش مانای ئەوەیە توركیا دوا هەلی خۆی بۆ مانەوە لە سوریا لە دەست دەدات. سوریا وای دەبینێ ئێستا توركیا خەریكی دروستكردنی ولاتێكی یەكسانە لە ئیدلب و شوێنەكانی تری ژێر دەسەڵاتی. هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەنقەرە پلانێكی درێژ خایەنی هەیە بۆ فراوانكردنی خاكەكەی لەسەر حسابی خاكی سوریا. پاش ئەوەش، ناتوانین بڵێین توركیا ناتوانێ جیایان بكاتەوە بەڵكو توركیا نایەوێ جیایان بكاتەوە.

ئەگەر ئەمریكا یاسای رۆژهەلاتی ناوەڕاستی پەسەند كرد، توركیا چی دەكات؟

\ئەگەر ئەمریكا بەگوێرەی ئەم یاسایە هەڵس و كەوت بكات (یاسای ئاسایش و هاوبەشی لە رۆژهەلاتی دەریای ناوەڕاست)، ئەوا ململانێیەكی توند لە نێوان توركیا و قوبرس و یۆنان و هەندێ ولاتی تری نێو یەكێتی ئەوروپا دەست پێدەكات. پێدەچێ ئەمە هۆكارێكی بەرجەستە بێت بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا تۆڵە لە توركیا بكاتەوە لەسەر كڕینی كۆسیستەمی ئێس-400.

كڕینی ئێس-400 مانای چی هەیە بۆ پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و روسیا؟
ئێس-400 تەنها پرسێكی سەربازی نییە، بەڵكو سیاسیشە.. توركیا پێویستی بە جێگرەوەیەك هەیە بۆ جیهانی رۆژئاوا، ئەو جێگرەوەیەش روسیایە.. ئەگەر بێت و توركیا ئەو كۆسیستەمە بكڕێت پەیوەندی لەگەڵ روسیا زۆر بەهێز دەبێت، بەو مانایەی توركیا بۆ ماوەیەكی درێژ دەكەوێتە چوارچێوەی بەرەی روسیا، لە هەمان كاتدا روسیا دەیەوێت درزێك لەنێو هاوپەیمانێتی ناتۆ بدۆزێتەوە، لەهەمان كاتدا دەیەوێ هاوپەیمانێكی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست هەبێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا