شارپرێس:
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بەرنامەی هەیە نزیکەی ١٤٠٠ هاوڵاتیی
عێراقیی لەوڵاتەکەی دەربکات کە بەشی زۆریان لە کلدانییە کاسۆلیکەکانن .
بەگوێرەی رۆژنامەکە ئەو کەسانە پێشتر وەک رزگارکەر سەیری
ترەمپیان کردووە بەهۆی ئەوەی بەڵێنی ئەوەی پێدون کە بیانپارێزێت، بەڵام ئێستا
هەست دەکەن ناپاکیان لەگەڵ کراوە .
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی زۆری ئەو کەسانە لە شاری دیترۆیت دەژین
کە گەورەترین ژمارەی کلدانەکان لەدەرەوەی عێراق لەو شارە دەژین ، ئێستاش ئەو
کلدانیانەی چاوەرێی دەرکردن دەکەن ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ بە ناپاکی دەبینن ، لەبەر ئەوەی بەشی زۆریان
لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپ بوون کە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٦ ی سەرۆکایەتی
ئەمەریکا ، دەنگێکی زۆریان بۆ ترەمپ کۆکردۆتەوە.
لەبەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەنێوان ئەو
١٤٠٠ هاوڵاتییە مەسیحییە عێراقییەی فەرمانی ناردنەوەی بۆ هاتۆتەوە ، نزیکەی ٨٠٠
کەسیان تۆماری تاوانکاریان هەبووە کە تاوانەکانیش لەنێوان تاوانی بچووک تا تاوانی
گەورە و ترسناکیشی تێدا بووە کە هەندێکیان چەندین دەیەیە کردوویانە .
هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا عێراق بەکرداری
رەتیکردۆتەوە پێشوازی لەهیچ هاوڵاتییەک بکات کە لەو وڵاتانەی بۆی چوون
دەنێردرێنەوە ، بەڵام ئەمریکا فشاری دیبلۆماسی دەخاتە سەر
بەغدا تا ئەو هاوڵاتییە مەسیحیانە وەربگرێتەوە.
وەرگێڕان: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
س.هـ