كەسایەتی‌و لایەنەكانی نزیك لەئێران هەست بەترسێكی زۆر دەكەن

عیراق

29/07/2019‌ 1283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
زۆربەی ئەو كەسایەتی و لایەنانەی پەیوەستن بەپاسەوانی شۆرشی ئێرانییەوە ئەوە دووپاتدەكەنەوە، كە ژمارەیەكی زۆریان هەست بە ترسێكی ڕاستەقینە دەكەن لەسەر بەرژەوەندییەكانیان و جوڵەی پارەكانیان لە عێراق و وڵاتە عەرەبییەكاندا. 

بەتایبەتیش دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر 4 كەسایەتیدا سەپاندن، كە ناسراوان بەپەیوەندی پتەویان لەگەڵ ئێراندا، ئەوانیش هە‌ریەك لە ( وەعد قەدۆی فەرماندەی لیوای 30 حەشد لە نەینەوا، ڕەیان كلدانی فەرماندەی لیوای 50 ی حەشد ، نۆفەل عاكوبی پارێزگاری پێشووی نەینەوا و ئەحمەد جبوری سەرۆك فراكسیۆنی میحوەر.

هاوكات بانقی مەركەزی عێراقی گشتاندنێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاراستەی لاینە بانكی و داراییەكان كردووە سەبارت بە نەشیاوی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو 4 كەسایەتییە كە ناویان لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە و داواشی لێكردوون ژمێرەكانیان بلۆك بكەن و هیچ مامەڵەیەكی داراییان لەگەڵ نەكەن و هەر زانیارییەكی دیكەش هەیە ئەوانی لێ ئاگادار بكەنەوە. 

سەرچاوەكان دەڵێن: ئەو كەسایەتی و لایەنانە كە لە ئێران نزیكن كۆششێكی زۆر دەكەن تا پارە و وەبەرهێنانەكانیان بگوازنەوە بۆ ئێران و تووشی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا نەبن. ئەو كەسایەتی و لایەنانە لە ڕێگەی بە قاچاخبردنی نەوتی بەسڕە و نەینەوا و پڕۆژە وەهمییەكانەوە كە وەریان گرتوون ، پارەیەكی زۆریان دەستكەوتووە.

هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوە باوەڕپێكراوانەوە،‌ لیستێكی دیكەی ئەمریكا سەبارەت بە كەسایەتی دیكە ئامادە دەكرێن و زۆری كەسایەتی دیكەی شیعی و سونی لە خۆ دەگرن لە سەركردە سیاسی و فەرماندە چەكدارەكان و نزیكەی 76 كەس دەبن. 

بەرپرسێكی عێراقیش بۆ شەڕقلئەوست رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی عێراق لیژنەیەكی حكومی تایبەتییان لە شارەزا و ڕاویژكاران پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، لە لایەكی دیكەشەوە پەرلەمانی عێراقیش لیژنەیەكی بۆ هەمان مەبەست پێكهێناوە.

ڕۆژنامەی حەیات بڵاویكردەوە
ئێران مكوڕە لەسەر هەڵوێستەكەی لەدەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بەریتانییەكە، هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عومان بۆ ئێران، ڕووداوەكان لەناوچەكە لە هەڵكشاندان. 

ئێرانییەكانیش دەڵێن: هێزی موشەكی ئێران بۆ بەرگرییە و دژ بە هیچ وڵاتێكی دیكە نییە، ئەمریكییەكانیش دەڵێن: ئێران تووشی داڕووخانێكی ئابووری گەورە هاتووە و ئەم ڕەفتارانەشی ڕەنگدانەوەی تەنگژە ئابوروییەكەیەتی.

هەروەها میدیاكانی ئێران رایانگەیاندووە، گفتوگۆكانی بن عەلەوی و عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران دوا لێكەوتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كردووە.‌

عومانیش داوای لەتاران كردووە پرسی كەشتییە دەستبەسەرداگیراوەكان لەگەڵ بەریتانیا یەكلایی بكاتەوە. 


لەسەرێكی دیكەشەوە، باڵوێزی ئێران لە پاریس رایگەیاند، قۆناغێكی تازەی پەیوەندییەكانی ئێران و فەڕەنسا دەستیان پێكردووە، گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەی حەسەن ڕۆحانی‌و ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەرەنسا، گفتوگۆكانی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە ماوەی ڕابردوودا، ئاسۆیەكی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەرە و سەقامگیری و ئاشتی و فرەیی  ڕەنگڕێژ دەكات.

قودسی عەرەبی بڵاویكردەوە
عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران ، لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عومان، دەوڵەتانی هەرێمی بە تێكدانی كەشی گفتوگۆكان تۆمەتبار كرد‌، ڕەخنەشی لەدەوڵەتانی ئەوروپی گرت بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی دەریایی بۆ پاراستنی كەشتیڕانی لە كەنداو، پێشی وابوو ئەو هەنگاوە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.  داواشی كرد دەوڵەتانی هەرێمی بۆ سەقامگیری ئاشتی هاریكاری یەكتر بكەن.

شەمخانی سەبارەت بە پرسی دۆسییە ئەتۆمییەكەی ئێرانیش وتی: ئەگەر ئەوروپییەكان چارەسەرێك بۆ ئەو دۆسییە نەدۆزنەوە، ئەو‌ان لە ئایندەدا ڕێوشوێنی دیكە دەگرنەبەر. 

مەداپریس بڵاویكردەوە
پرسی پڕۆژە یاسایەكی ئەمریكی بۆ بەرگرتن لە تێكدانی ئاشتی و سەقامگیری عێراق لایەنە شیعییەكانی تەنگەتاو كردووە، بۆیە پێیان وایە دەبێت یاداشتێكی ناڕەزایی لەو بارەوە لەرێگەی پەرلەمانی عێراقەوە ڕادەستی ئەمریكا بكرێت، میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەو پرسە نەكردووە و كۆشكی سپیش هیچی لەو بارەوە نەگوتووە.

"زەید بنایامین"ی ڕۆژنامەنووسی نیشتەجێی واشنتۆن وتی: یەكێك لە میدیاكانی عێراق ئەو پرسەی گەورە كردووە، ئەو پڕۆژەیەش، كە بە ( HR 4591 ) ناسراوە لە ساڵی 2017-2018  لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە 27 ی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 دەنگی لەسەر دراوە.

ناوبراو وتیشی: بۆ ئەوەی یاساكانی ئەمریكا پلەی كۆتایی وەربگرن، دەبێت هەردوو ئەنجوومەنەكەی كۆنگریس پێشكەشی بكەن، بەو مەرجەی سەرۆك ڤیتۆی لەسەر پڕۆژەكە نەبێت، چونكە خولی یاساكاری 2017-2018 تەواو بووە و پڕۆژەیاساكەش تێنەپەڕێندراوە، بۆیە پڕۆژە یاساكە كۆتایی پێهاتووە.

بنیامین هەروەها وتیشی: پڕۆژە یاساییەكی نزیك لەم پڕۆژەیە لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ژمارە  (HR 571 ) لە ئارادایە. حەسەن شمری سەرۆكی سەنتەری هزری سیاسی ووتی ئەمریكا پێش تەواوبوونی سالی 2019 ئەمركیا دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاساییە دەدات، ووتیش ئێستا كیشمەكێشم كەوتۆتە نێوان ئەندامانی هەردوو حزبی دیموكرات و كۆمارییەكانی ئەنجومەنی پیرانەوە سەبارەت بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە.

لەگەڵ ئەوەش شمری وتی: پڕۆژە یاساكە ڕێگە بە سەرۆكی ئەمریكا دەدات سزا بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنێت، كە بە ئەنقەسەت پشێوی دەنێنەوە و هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا دەكەن. 

هەروەها وتیشی: پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە دوای دەرچوونی لە ئەنجومەنی پیرانەوە، پێویستی بە پەسەندكردنی سەرۆكی ئەمریكاش هەیە تاوەكو ببێتە یاسایەكی بەركار و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هاوكات محەمەد شیاع سودانی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساش پێی وایە پڕۆژە یاساكە ڕاسپاردەیەكی دیكەی ئەمریكایە بەسەر عیڕاقەوە و وڵاتەكە كۆت و بەند دەكات و دەیكاتە گۆڕەپانێك بۆ پێكدادانی نێوان دەوڵەتانی هەرێمی. 

زافر ئەلعانی جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عیراقیش پێی وایە پڕۆژە یاساكە یارمەتی گەلی عێراق دەدات لە سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی دەوڵەتەكەی.

عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ هەڕەشەی بوون بەئۆپۆزسیۆن دەكات ئەگەر هەر لادانێك لە ئاراستە و ڕێڕەووی دەوڵەتی عێراقدا بێتەكایەوە، عەمار حەكیمی سەرۆكی ڕەووتی "حیكمە"‌ش نامەیەكی بۆ عەبدولمەهدی ناردووە و هۆكارەكانی چوونەپاڵ ئۆپۆزسیۆنی تیادا ڕوون كردوونەوە، دەشڵێت سیستەمێكی سیاسی تەندروست نابێت بێ ئۆپۆزسیۆن بێت.

عەبادی هەروەها وتی: دەبێت دەوڵەت بۆ هەموو پێكهاتەكان بێت و ئەگەر ئاراستەكەی تەندروست و بەرە و سەركەوتن بێت، ئەوان پشتیوانی لە دامەزراوەكانی دەكەن، ئەگەر بەرەو پاشەكشەش بێت، ئەوان یەكەم هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی.

سەرچاوە پەرلەمانییەكانیش بۆ "عەرەبی جەدید" ئاشكرایان كردووە، كە پەیوەندی و ڕاگۆڕینەوە لە نێوان هاوبەندی نەسڕ و ڕەووتی حیكمەدا هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقیدا سەبارەت بە چاودێریكردنی ئاستی كاری حكومەت، بەڵام هێشتا ئەو هەماهەنگییە نەگەیشتۆتە ئاستی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن.