زانیاری لەسەر ئەو كوڕەی بن لادن بەهۆی هێرشی ئاسمانی كوژرا

جیهان

01/08/2019‌ 1646 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی ئەمریكا بە پشت بەستن بە هەواڵی دەزگا هەواڵگیرییەكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، حەمزە ئوسامە بن لادن، كوڕی سەرۆكی پێشووی هێزی چەكداری قاعیدە، بە هێرشی ئاسمانی كوژراوە.

بەپێی سەرچاوەكان، كات و شوێنی كوشتنەكە دیار نییە، چونكە پنتاگۆن لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێكی نەداوەو زانیاری لەبارەوە نییە.

حەمزە بن لادن تەمەنی ٣٠ ساڵ بووە، كە لە چەند تۆمارێكی دەنگی و ڤیدیۆییدا هانی مسوڵمانانی داوە بۆ هێرشكردنە سەر ئەمریكا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپی.

هەواڵی كوشتنی حەمزە بن لادن بە شێوەیەكی فراوان لەمیدیا ئەمریكییەكاندا بڵاوبووەتەوە، لەوانە ئێن بی سی نیوز و نیۆرك تایمز و سی ئێن ئێن، ئەمەش بە پشت بەستن بە قسەی هەندێك كەسی ناو دەزگا هەواڵگیرییەكان، كە ناسنامەی خۆیان ئاشكرانەكردووە.

حەمزە بن لادن، كە سەركردەیەكی دیاری ناو هێزی قاعیدە بووەو باس لەوەش دەكرێت لە یەك، دوو ساڵی رابردوودا لە كردەیەكی سەربازی كوژراوە، كە هێزەكانی ئەمریكاش بەشدارییان تێیدا كردووە، بەڵام كات و شوێن كوشتنەكە  دیارنییە.

هاوكات لەو بارەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە هیچ زانیارییەك بڵێت‌و بەهەمان شێوە جۆن بۆڵتۆنی پارێزەری ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی، لەپرسیاری رۆژنامەنوسەكاندا لە بارەی كوشتنی حەمزە بن لادنەوە، هیچ لێدوانێكی نەدا.

هەروەها رێكخراوی قاعیدە تا ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە، مسوڵمانە توندڕەوەكان چاوەڕێی وەڵامێكی فەرمین لە سەركردەكانی هێزی قاعیدەوە بۆ بە درۆخستنەوەی هەواڵی كوشتنی حەمزە بن لادن.

حەمزە بن لادن كێ بوو؟
حەمزە بن لادن لەجیهاندا بە جێگرەوەی یەكەمی باوكی واتا ئوسامە بن لادن دەبینرا، لەدوو ساڵی ڕابردوودا ئەمریكا حەمزە بن لادنیان وەك تیرۆرستێكی جیهانی ناوبرد.

پێشبینی دەكرا حەمزە بن لادن لەكۆماری ئیسلامی ئێران نیشتەجێ بوبێت، هەندێك لە ڕاپۆرتەكانیش دەڵێن لە نزیك سنوری نێوان ئەفغانستان-پاكستان ژیاوە.

حەمزە بن لادن لە جدە واتا لە سعودییە لە دایك بوە، پاش ئەوە چەند ساڵێك لەگەڵ دایكیدا لە ئێران ژیاون، حەمزە بن لادن هاوسەرگیری لەگەڵ كچی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵای میسری كردووە. عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵای میسری تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی كونسولخانەی ئەمریكا لە وڵاتی تەنزانیا و كینیا لە ساڵی ١٩٩٨.

لە ساڵی ٢٠١١، هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا، لە ئابوتابادی سەر بە پاكستان، باوكی حەمزە بن لادنیان كوشت، واتا ئوسامە بن لادن. ئوسامە بن لادن لە ١١ ی ٩ ی ٢٠٠١ هێرشی كردە سەر گەورەترین تەلاری بازرگانی ئەمریكا، ئەمەش بووە هۆی مردنی ٣٠٠٠ هەزار كەس.

لە ساڵی ٢٠١٧ نامەیەكی حەمزە بن لادن هەیە، كە بۆ خێزانەكەی ناردویەتی، باسی كوژرانی كورێكی دوانزە ساڵانی خۆی دەكات. تا ئێستاش ڕوون نییە ئەو كوڕەی حەمزە بن لادن چۆن و بە چی كوژراوە.

لە مانگی ٣ ی ساڵی ٢٠١٨ لە تۆمارێكی دەنگیدا، حەمزە بن لادن داوا لە مسوڵمانەكانی جەزیرەی عەرەبی دەكات لە حكومەتەكانیان یاخی ببن، هەر لەو مانگەدا سعودیە ناسنامەی سعودی حەمزە بن لادنی سڕیەوە.

سەرچاوە: bbc news
وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ