ئیمارات ئاسانكاری گەورە بۆ بازرگانە ئێرانییەكان دەكات

جیهان

06/08/2019‌ 630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رابیتەی بازرگانە ئێرانییەكان لە ئیمارات رایگەیاند، دەسەڵاتی ئیمارات بڕیاریداوە مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەرە ئێرانییەكان بكات و ڤیزای گەشتكردنیان پێبدات‌و هەژماری بانكییان بۆ بكاتەوە، ئەوەش دوای بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران‌و دەسەڵاتدارانی ئیمارات .

عەبدولقادر فەقیهی سەرۆكی رابیتەكە رایگەیاند، شێخ محەمەد بن راشید ئال مەكتووم، حاكمی دوبەی، بەڵێنیداوە ماوەی ڤیزاكان درێژبكاتەوەو  هەژمارە بانكییە داخراوەكانیش بكاتەوە.

فەقیهی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەو رێوشوێنانە كاتێك دەگیرێنەبەر ئەگەر بێت‌و ئەو بازرگانانە ناوبانگیان باش بێت و خواستی ئەوەیان هەبێت مامەڵەی كاری بازرگانی لەئیمارات بكەن .

بەقسەی سەرۆكی رابیتەی بازرگانە ئێرانییەكان، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئیمارات دەست دەكاتەوە بەكردنەوەی ناوەندەكانی گۆڕینەوەی دراوی ئێرانی (صیرفە)، ئەوەش بەئاماژەپێدانی بانكی ناوەندی ئیماراتی.

میری دوبەی بەڵێنی ئەوەشی داوە، كە سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا، بەڵام ئاسانكاری پێشكەش بە وەبەرهێنەرە ئێرانییەكان بكات ، بەو مەرجەی بازرگانی بەو شمەكانەوە بكەن، كە سزاكانی ئەمەریكا نایانگرێتەوە .

فەقیهی هەروەها دەڵێت: ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئیمارات و ئێران لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لە ٧٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ٤٠ ملیار دۆلار دابەزیوە، جگە لەوەی بەشێكی زۆری خاوەن كارە ئێرانییەكان بازرگانییەكەیان لەئیماراتەوە گواستووەتەوە بۆ توركیا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی