سیستەمی موشەكی "ئێس-400" لەتوركیا كەموكوڕییەكانی فڕۆكەی "ئێف-35" ئاشكرادەكات

جیهان

06/08/2019‌ 2452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ژێر ئەو ناونیشانەدا، ئەلیكسەندەر كولباكوف، لە گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی ئاشكرابوونی گرنگترین تایبەتمەندیەكانی فڕۆكەی ئێف-35ی ئەمریكی، ئەمیش تەنیا بە كارپێكردنی سیستەمی موشەكی ئێس-400ی روسی.

بەپێی راپۆرتەكە، رادەستكردنی ئێس-400 بە توركیا ئەنجامێكی پێشبینی نەكراوی هەبووە، كە بە یارمەتی ئەو سیستەمە مۆسكۆ توانی سیستەمی پێناسەكردنی (هاوڕێ\ دوژمن)ی تایبەت بە فرۆكەی شەڕكەری ئێف-35 هاك بكات‌و بەدوای جوڵەكانیدا بڕوات. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو مەترسییە لەلایەن شارەزا سەربازییەكانی ئەمریكاوە لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاشكراكرا.

لەلایەكی تر بە گوێرەی پێشبینییەكانی دیفێنس نیوز، رادارەكانی ئێس-400 توانای ئەوەی هەیە بە بەردەوامی چاودێری فڕۆكە ئەمریكییەكان بكات و لە خۆشاردنەوە بێ بەشیان بكات.

سەرەرای ئەمە، چوونە ناوەوەی ئێس-400 لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانی ناتۆ، وا لەروسیا دەكات زانیاری زۆری هەبێت لەسەر سیستەمی بەسەركردنەوەی دوژمن و چاودێری ئاسمانی. 

هەروەها كارپێكردنی سیستەمی پێناسەكردن و ناساندنی (هاوڕێ-دوژمن)ی فرۆكەكان دزە دەكات، چونكە هەردووكیان دیاریكراون.

بۆ چارەسەكردنی كێشەكە، ماڵپەڕی دیفێنس نیوز، پێشنیاردەكات یەكەم، رادەستكردنی ئێف-35 بۆ توركیا دوابخرێت تا ئەو كاتەی شارەزا سەربازییەكانی روسی بەشدار بوو لە دانانی ئێس-400 ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن، دووەم، كوژانەوەی ئێس-400 لە كاتی فڕینی ئێف-35 دا، ئەمەش بەشێوەیەكی زۆر كاریگەریی ئێس-400 كەم دەكاتەوە و بەشێكە لەو باجەی، كە پێویستە توركیا بیدات.

لەو بارەشەوە شرۆڤەكاری سەربازی ئەلیكسەندەر غولتس بە گۆڤارەكەی راگەیاندووە، ترسی شارەزا ئەمریكییەكان تا رادەیەكی زۆر زیادە رۆیی تێدا كراوە.

بەپێی قسەی ئەو شرۆڤەكارە بڵاوكردنەوەی ئەو بانگەشانە ئەو راستییە دەردەخات جارێكی تر ئەمریكییەكان متمانە بە هاوپەیمانە توركەكەیان ناكەن، بەوەی توركەكان خۆیان سیستەمی ئێس-400 بەڕێوە دەبەن و دەتوانن هەموو نهێنییەكانی ئێف-35 بزانن.

هەرچی بیرۆكەی كوژانەوەی ئێس-400 لە میانی فڕینی ئێف-35 دا، ئەوا هیچ پەیوەندییەكی بە واقیعەوە نییە، چونكە هەرچەندە فڕۆكەكان بە تەكنەلۆجیای خۆ حەشاردان رێكخراون، بەڵام لەهەندێك دۆخدا هەر دەردەكەون و ئاشكرادەبن، ئەمیش بە گوێرەی قسەكانی غولتس.

لای خۆیەوە، فەرماندەی هێزە رۆكێتیەكانی ئاسمانی (2000-2008) فەریق ئەلیكسەندەر غوروكوف، لەوە دڵنیایە فرۆكەی ئێف-35، هەتا ئەگەر بیەوێت ئێس-400 بەلاڕێدا بەرێت، بەڵام هەر ئاشكرا دەبێت ئەگەر مەوداكەی كەمبێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا