دوا جوڵەكانی ترامپ‌و نەتەنیاهۆ نیشانەی نەهامەتییەكی گەورەن بۆ ئەردۆغان

جیهان

11/08/2019‌ 6305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەمەی دەروونی بۆ گەیشتن بە دەستكەوتی سیاسی و دبلوماسی، زۆر لەیاری شەتڕەنج ئاڵۆزترە و بە كەڵكی كەسانێك نایەت پیشەگەرنەبن، ئەگەر بە وردیش لێ بڕوانین، دەبینین دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، چ لە خۆوە و چ بە ئەنقەسەت، لەو گەمە دەروونییانەدا كارزان و لێهاتووە.

خستنەكاری فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی لەم دواییانەدا لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجە ئێرانییەكان، سەپاندنی سزا بەسەر محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێكن لەدۆناڵد ترتمپەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و ئەوانی دیكە، سەبارەت بەو ئاكامە خراپانەی لەمەودایەكی مامناوەند و دوورمەودادا بەسەر ئەوانەدا دەسەپێندرێت، كە ڕێز لە ئەمریكا و هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی ناگرن، كە ئەم هەنگاوانە كوشتنی دوو چۆلەكەیە‌ بەیەك بەرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، سەركەوتوویی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەكان، پەیامێكە بۆ تاران، كە ئەوان بەهێزترین و پیشكەوتووترین فڕۆكەی جەنگیان هەیە، كە لە نەوەی پێنجەمی فڕۆكەكانن، بەو فڕۆكانە‌ بەرگری لەخۆیان و بەرژەوەندییەكانیان دەكەن.

لەئێستادا ئەم پەیامە گەیشتووەتە‌ دەوڵەتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتوركیاشەوە، كە لە یەك كاتدا دەوڵەتێكی ئەوروپی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە.

لەم دواییانەدا‌ ئەردۆغان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی وڵاتەكەی لە پرۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35 ی ئەمریكی بیبەشكراوە، كە پێشتر پێی وابوو واشنتۆن كارێكی لەم جۆرە ناكات، گەڕانەوەی فڕۆكەوانە توركەكانیش، كە لەو پرۆگرامە ڕاهێنانیان پێدەكرا لە ئەمریكا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تازە توركیا ناگەڕێتەوە ناو ئەو پرۆگرامە، مەگەر دەستبەرداری مامەڵەی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی بێت و هاوكار و هەماهەنگی پەیمانی ناتۆ بێت، ئەمە جگە لەوەی ئەمریكا دەتوانێت لە ڕێگەی یاسای (كاتسا)وە فشار بخاتە سەر توركیا. 

ئیسرائیل و دژەكانی توركیا لە كۆنگرێس پشتیوانی لە بێبەشكردنی توركیا دەكەن لە فڕۆكەی ئێف 35 ، چونكە وتار و دروشمەكانی ئەردۆغانیان بەدڵ نییە، كە دژ بە ئیسرائیل دەیانڵێتەوەو وا دەبینرێت، كە ئیسرائیل و یۆنان بەو هەنگاوەی ئەمریكا دڵخۆشبن، چەكی ئاسمانی توركیاش بكەوێتە تەنگژەیەكەوە، سەیرەكەش ئەوەیە ڕوسیا تووشی بێ ئومێدییەك دەبێت، چونكە ئیدی دەرفەتی ئەوەیان نابێت هەلی سیخوڕیكردن سەربازی و سیخوڕی دەستكرد دژ بە ئەمریكا پیادە بكەن. 

سەپاندنی سزاكانیش بەسەر محەمەد جەواد زەریفیدا، پەیامێكی واشنتۆنە ،‌كە ئەم ڕەفتارە دژ بە دەوڵەتانی دیكەی بیانی و كەسانی دیكەشدا دەسەپێنێت، ترامپ لە پرسی قەشە "ئەندرۆ بڕانسۆن" دا ئامادەبوو سزا بەسەر وەزیرەكانی حكومەتەكانی ناو هاوپەیمانی ناتۆدا بسەپێنێت، بۆیە بەوردبوونەوە لەو ڕەفتارانە دەردەكەوێت، كە ترامپ و تیمە ئەمنییەكەی كۆشكی سپی، لەوانەیە بیر لەوە بكەنەوە سزای دیاریكراو بەسەر گەورە بەرپرسە توركەكاندا بسەپێنن.

سزایەكی لەو جۆرەش دەكرێت ئەندامانی كۆنگرێس و شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە ڕازی بكات، كە داوای سەپاندنی سزا دەكەن بەسەر ئەنقەرەدا لەبەرانبەر مكوڕبوونیان لەتەواوكردنی مامەڵەی موشەكی ئێس 400ی ڕوسی. 

ئەمەش وا دەكات ئەمریكا خۆی لەوە بپارێزێت سزا بەسەر خودی توریكادا بسەپێنێت، بەڵكو سزاكان بەسەر گەورە بەرپرسانی توركیادا دەسەپێن، چونكە بریاری تەواوكردنی مامەڵەی موشەكی ئێس 400 تەنیا بەدەستی ئەردۆغانە و ئەو شێلگیرە لە بەردەوامبوون و تەواوكردنی مامەڵەكە.

بەم شێوەیە ڕەفتارەكانی ترامپ و نەتەنیاهو یەكەم، كە توركیای بێبەشكرد لە پرۆگرامی فڕۆكەی  ئیف 35  و سزاشی سەپاند بەسەر وەزیری دەرەوەی ئێراندا، دووەمیشیان بەو فڕۆكەیە هێرشی كردە سەر ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكە، ئەمانە پەیامن بۆ ئەوانەی دژ بە بەرژەوەندی ئەمنی قەومی ئەمریكا وەستاونەوە و بە تایبەتیش ئەردۆغان، كە لەژێر سایە و سێبەری ئەودا لەوانەیە توركیا ڕووبەڕووی نەهامەتی زیاتر ببێتەوە.

لەمەودایەكی نزیكدا، لەوانەیە ئەو سزایانە دژ بە گەورە بەرپرسانی توركیا پیادە بكرێن، كە دەرئەنجامی نزیك بوونەوەیانە لە سیاسەت و ئاراستەكانی ڕوسیا، لە مەوادیەكی نزیك و ماناوەندیشدا، كۆششەكانی بەردەوامی ئەردۆغان بۆ دوورخستنەوەی توركیا لە هاوپەیمانی ئەتڵەسی و ئەمریكا و بەردەوامبوون لەسەر مامەڵەی موشەكی ئێس 400، توركیا لە فڕۆكەی ئیف 35 بێبەش دەكات، ئەنقەرە لەو متمانەیەش بێبەش دەكات كە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی 70 ساڵە بە توركیای بەخشیووە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە