وەزارەتی خوێندنی باڵا زانکۆلاینی کارا کردو هۆشداریدەداتە دەرچوان

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمڕۆ پێنجشەممەوە سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچوانی 12ى ئامادەیی کاراکراوە.


وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت، "دەرچوان دەتوانن بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لەڕێگەی وێبسایتی فەرمی (regayzanko.com) و بەبەکارهێنانی ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (Username & Password)، پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لەزانکۆو پەیمانگه‌کان ئەنجامبدەن".

کارزان کەریم بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەڵاحەدین جەختیکردەوە، پێویستە قوتابیان بەوپەڕی وریاییەوە فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

ئەو ئامۆژگاری ئەو قوتابییانەی کرد کە زانیاریی تەواویان نییە، سەردانی ئەو سەنتەرە تایبەتانە بکەن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەرجەم زانکۆکاندا بۆ هاوکاریکردنی دەرچوان دروستیکردون، تاوەکو لەداهاتودا توشی کێشەی گۆڕینی بەش یان هەڵە لەپڕکردنەوەدا نەبنەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی هۆشداریدایە قوتابیان کە دوربکەونەوە لەو کەس‌و سەنتەرە ئەهلییانەی بازرگانی بەم بابەتەوە دەکەن‌و بەپارە فۆڕمی زانکۆلاین بۆ قوتابیان پڕدەکەنەوە.