دەسەڵاتدارانی ئێران چۆن وێنەی ئەمریکا لە هزری خەڵکیدا ده‌كه‌ن؟

جیهان

17/08/2019‌ 677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە سەر شەقامەکان و لەنێو خوێندنگاکانی ئێراندا خەڵکێکی زۆر بە دیدێکی ڕوگیرانەوە لە ئەمریکادەڕوانن، ڕەوتی کۆنسێرڤەتیڤ (موحافیزکارەکان) لە هەوڵی بەردەوامی تۆخکردنەوەی ڕقی خەڵکیدان، بەڵام بەراورد بە ڕابردوو ئەرکەکەیان قورس بووە، چونکە نەوەی نوێ بڕیار و وێنای تایبەت بەخۆی بۆ ئەو پرسە داڕشتووە.

ئەو خەڵکە کۆکا کۆلا دەخۆنەوە و کێجەپی هاینز دەکەن بە هامبورگەرە و مۆبایلی ئایپاد بۆ پەیوەندیکردن بەکاردێنن، ئەوانەش هەمووی (بەرهەمهێنراوی شەیتانن) بەو شێوەیەی کە دەیان ساڵە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمێریکای پێ ناوزەد دەکەن.

هەر لە قۆناغی منداڵیەوە لە خوێندنگای سەرەتاییەوە فێردەکرێن ئەوەش شتێکی باشە و دەبێت وابێت وەک (جەبار کۆشاکنیاد)ی خەڵکی تێهران کە پەرلەمانتارێکی کۆنسێرڤەتیڤی داڕێژەری سیاسەتی پەروەردەیە دەڵێت"هەمیشە هەندێک دروشم فێردەکرێن و بەردەوام دەوترێنەوە.. وەک مردن بۆ شەیتان..مردن بۆ شەڕەنگێزان".

دەشڵێت، "هەر کاتێک وڵاتێکی تر شوێنی ئەمێریکا بگرێتەوە و لەسەرتاسەری دونیا خەڵکی ئێمە بخاتە ژێر فشار و بیانچەوسێنێتەوە ئەوکات دروشمەکان بەڕووی دوژمنە نوێیەکە بەرزدەکرێنەوە و بە دەنگی بەرز  دەوترێنەوە، لەوانەیە ڕۆژێک دابێت هاواربکرێت مەرگ بۆ ئیسرائیل یان مەرگ بۆ بەریتانیا".

ئەو پەرلەمانتارە لە ڕاڕەوەکەی بەردەم پەرلەماندا لەگەڵ (جەواد ئەبتاهی) وەستابوو ئەویش پەرلەمانتارێکی دیکەی کۆنسێرڤەتیڤە لە میانەی گفتوگۆکانیاندا ئاماژەی بەو هەڵانە دەکرد کە لەمیانەی پرۆسەی(ڕیفۆرمی خوێندن)لە نێوان ساڵی ۱۹۹۷ بۆ ۲۰۰٥ ڕویانداوە و دەیوت، "بەداخەوە لە سەروەختی  پرۆسەی ڕیفۆرمدا هەنگاوەکانی وەزارەتی خوێندن بە ئاڕاستەیەکی دژەئایین ئەنجام دەدرا، بۆیە دەبینین لەم ڕۆژگارەدا منداڵە ئێرانیەکان ناوی یاریزانەکانی ڕیاڵ مەدرد و تەنانەت ناوی ژنەکانیشیان دەزانن بەڵام چیتر ناوی شەهیدەکانی ئەم نیشتمانە نازانن."

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە زانایەکی ئەمێریکی بۆ پەیمانگایەکی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە ئۆرشەلیمە لە بارەی ئەو کتێبانەی خوێندنەوە ئەنجامیداوە کە لە نێوان ساڵی ۲۰۰۰ بۆ ۲۰۰٤ لە بەرنامەی خوێندنگاکانی ئێراندا سەریانهەڵداوە دیسان ئەمێریکا وەک ڕابردوو  بە"خۆسەپێن" و "شەڕەنگێز" ناوزەدکراون و ئامانجیشیان" داگیرکردنی وڵات و نەتەوە لاوازەکانە لە پێناوی تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانیان و بە کۆیلەکردنیان".

ئەو زانا ئەمریکیە لە یەکێک لە کتێبەکانی خوێندنی پۆلی ۱۱ دا ئاماژە بە(بانگەواز)ێک دەکات کە هەموو موسڵمانان پێویستە بڕیاری ئەوە بدەن دەمودانی ئەمێریکا تێکبشکێنن، و لە بەرنامەی فێرکردنیشدا بە مامۆستایان ڕاگەیەندراوە کە "پێویستە دڵودەرونی خوێندکارەکان لە بەرامبەر شەڕەنگێزی ئەمێریکا لە ڕقوکینە پڕ بکرێن، بەڵام لەم ڕۆژگارەدا بە ئاشکرا دەبینرێ کە خوێندکارەکان بە ئاڕاستە و نەهجێکی میانڕەودا دەبرێن.

 لەو بارەیەوە وەک(ئەبتاهی)دەڵێت، "وەزارەتی خوێندن فشار دەخاتە سەر بەڕێوەبەری خوێندنگاکان کە چیتر پێویست ناکات ئاڵای ئەمێریکا و ئیسرائیل لەبەر دەرگای پۆلەکانی خوێندن ڕابخرێت بۆ ئەوەی خوێندکارەکان لەگەڵ چونە ژورەوەیاندا بە هەنگاوەکانیان بیکوتنەوە،ئەوە مانای چیە؟ئەوە چۆن ئاماژەیەکە؟".

هەر لەو بەستێنەدا گەنجێکی ئێرانی باس لەوە دەکات کە ئەو جۆرە چالاکیانە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و لە هەندێ بۆنەی تایبەتدا ئەنجام دەدرێت وەک ساڵڕۆژی بەرپابونی شۆڕش یان ساڵیادی دەستبەسەراگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمێریکا کە لە میانەی چالاکیەکاندا خوێندکارەکان دەبرێنە گۆڕەپانی خوێندنگاکان یان نمایشە سەربازیەکان بۆ هاوارکردن و ووتنەوەی ئەو جۆرە دروشمە دژە ئەمێریکاییانە، و هەروەها سارای تەمەن ۱۰ ساڵیش لە میانەی چالاکیەکانی ساڵڕۆژی شۆڕشدا بینیوێتی دروشمی وەک"مردن بۆ ئەمێریکا"بە دەنگی بەرز ووتراوەتەوە.

سارا ئێستا لە یەکێک لە خوێندنگاکانی مۆزیک وانە دەخوێنێت لەگەڵ چەند منداڵێکی تر کە تەمانیان لە نێوان ۷ بۆ ۱۰ ساڵدایە و هەموشیان سەر بە توێژی دەوڵەمەندی ووڵاتەکەن.
ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا ئەرکی کۆنسێرڤەتیڤەکانی بۆ بەردەوامیدان بە وێناکردنی ئەمێریکا وەک شەیتان قورسکردووە تەنها ڕیفۆرمی بواری فێرکردن نیە، بەڵکو بەهۆی ئینتەرنێت و خزم و کەسوکارەکانیان لە دەرەوەی ووڵات تەنانەت منداڵە بچوکەکانیش لە گەلێک بابەتی تر  بە ئاگان و ئاشنادەبن، بۆ نموونە.. نەنکی مریەم کە هاوڕێیەکی سارایە ساڵانە گەشتێکی ئەمێریکا دەکات.

مەریەم لەبارەی گەشتەکانی نەنکیەوە دەڵێت، "هەر جارێک کە دەگەڕێتەوە کۆمەڵێک وێنەم پیشان دەدات کە لەوێ چرکاندوێتی و لەوێنەکاندا دەردەکەوێ کە ئەوێ زۆر جوان و پاکوخاوێنە و خەڵکی لەوێ بە زمانێکی تر قسەدەکەن،و لێرە دەبێت هەموان سەریان بپۆشن بەڵام لەوێ بە هیچ جۆرێک وانیە و لەوێ سەرپۆشین هیچ گرنگیەکی پێنادرێت و جگە لەوەش سروشتی ئەوێ سەوزایی زۆرترە و جوانتر و خۆشترە و ئاوهەواکەشیان لەوەی لای ئێمە باشتر و خۆشترە".

بەڵام سەرباری ئەوە منداڵەکان  جیاوازی دەکەن لە نێوان ئەمێریکا و دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ووڵاتەکە چونکە هەست دەکەیت لە قسەکانیاندا لەبارەی خودی  دۆناڵد ترامپ لەو خوێندگەیە شتێک دەگوزەرێ، ئەویش کاتێ یەکێک لەو خوێندکارانە لەبارەی خراپی ترامپەوە دەڵێت، "زۆرم لەبارەیەوە نەبیستووە بەڵام دەزانم کە ئەو سەرۆکی ئەمێریکایە و ڕێگەمان پێنادات سەردانی ووڵاتەکەی بکەین" و کچەخوێندکارێکی تریش دەڵێت"ئەزانم کە ترامپ مرۆڤێکی خراپە و دەیەوێت جەنگێک لە نێوان ئێران و ئەمێریکا هەڵگیرسێنێت."

لە کۆتاییدا لەولاوە سارا کە بەردەوام دەجوڵێ و لە شوێنێک دا ناسەکنێ لە دەربڕینێکی زیرەکانەدا دەڵێت"زۆربەی ئەو کەسانەی من دەیانناسم ئێرانیان ڕووە و ئەمێریکا جێهێشتوە لە پێناوی ئایندەیەکی باشتردا"بەو مانایەی بەبڕوای ئەو ئەمێریکیەکان ئایندەیەکی باشیان دەبێت و ئەوەش ڕاستە چونکە دەبینین بە ڕەچاوکردنی بارودۆخەکەی ئێستای ئێران ئایندەی سارا و هاوڕێکانی ناڕۆشنە.

وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید