پەرلەمانتارێكی پارتی لێدوانەكانی سروە عەبدولواحید لەسەر سامانی بنەماڵەی بارزانی رەتدەكاتەوە

عیراق

18/08/2019‌ 1882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێبین سەلام پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: لێدوانەكانی سروە عەبدولواحیدی سەركردە لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سەروەت‌و سامانی مەسعوود بارزانی "درۆیە" و هیچ راستییەكی تێدا نییە .

سەلام لەلێدوانیكدا بۆ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم " دەشڵێت: ئەوەی سروە عەبدولواحید باسی كردووە بەڵگەیە لەسەر "دۆرانی سیاسی‌و بەتاڵی هەنبانەكەی"، بەو كردەوەیەی دەیەوێت سەرنجی دەوروبەر بۆخۆی رابكێشێت و لەسەر حسابی خەڵكی تر ناو و ناوبانگ پەیدا بكات، ئەوەشی دەربارەی سەروەت و سامانی سەرۆكی حكومەت و ماڵباتی بارزانی دەیڵێت "ژمارەیەكی ناراستە".

هەروەها دەڵێت: لەكوردستان یاسایەك هەیە بۆ دەستكەوتنی زانیاری، هەر كەسێك بەڵگە و دەستاوێژێكی پێیە با بچێتە لای دادوەر، دەتوانێت بچێتە بانكەكان ، فەرمانگەی تاپۆ، تابزانێت ئەو كەسە چی بەناوەوەیە و لەورووەوە زانیاری وەربگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەگەر سروە عەبدولواحید لە روانگەیەكی نیشتمانییەوە قسە دەكات بۆ ناچێت "دزییەكانی شاسواری برای ئاشكرابكات، كە لەدادگای سلێمانی بەهۆی گرێبەستەكانی وەبەرهێنان‌و پشكەكانی شاری یاریی چاڤی لاند سەدان داوای لەسەرە".

سروە عەبدولواحید سەركردە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: سەروەت و سامانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ١٦ ملیار دۆلارە ، لەكاتێكدا كۆی سامانی بنەماڵەی بارزانی ٨٢ ملیار دۆلار  دەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی