لێكۆڵینەوەیەك: كەسی مردوو دەبیستێ‌و ئاگاداری هەموو شتەكانی دەوروبەرییەتی

جیهان

09/09/2019‌ 6116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەهەموو چاخەكاندا، مرۆڤ هەمیشە بەدوای ئەوەدا ویڵ بووە بزانێت لەدوای مردن چی شتێك چاوەرێی دەكات، بەشێكی زۆری خەڵك بروایان وابووە، كە لەدوای مردن ژیانێكی تریش هەیە، بەڵام سەربارەت بەهەندێك كەس ئەوەی زۆر جێگای ترس و نیگەرانییە ئەوەیە، كە مردن بەلای  ئەوانەوە واتای گواستنەوەی كەسەكەیە  بۆ  گۆڕ و جیهانێكی تاریك و نادیار .

ئینگا كاردۆشینا، لە راپۆرتێكیدا كە لە پێگەی " ئاف بی ری "روسیدا بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: زاناكان كاتێكی زۆریان لەوە بەسەر بردووە تا وەڵامی راستی ئەو بیروباوەرە بدەنەوە، كە دەڵێت لەدوای مردن ژیانێكی تر هەیە.

ئەو دەشڵێت: كەسی مردوو دەبیستێت و تێدەگات لەوەی لەدەوروبەری چی دەگوزەرێت.

كاردۆشینا باس لەوەش دەكات زانا ئەمەریكییەكان لە ناوەندی پزیشكی نانجوون لەزانكۆی نیویۆرك، كە یەكێكە لە گەورەترین دامەزراوە پزیشكییە و لێكۆلینەوەییەكانی ئەمەریكا بەسەرۆكایەتی پرۆفیسۆر سام بارنیا – بۆ چەندین ساڵ لێكۆلینەوە هەوڵیانداوە بزانن لەدوای مردنی مرۆڤ چی لە جەستەی مرۆڤ و ئاگاییەكەی دێت، ئەوەش لەپێناو شرۆڤەكردنی راددەی راستی ترسی مرۆڤ لە مردن.

ئەوان دەڵێن: مرۆڤ هیچ پاساوێكی نییە بۆ ئەوەی لەمردن بترسێت، بۆ ئەوەش تیمی لێكۆڵینەوەكە چاوپیكەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە كردووە، كە لەدوای مردنی سەرجێگەیی و لەهۆشخۆچوونی درێژ "لەجیهانێكی ترەوە گەڕاونەتەوە"، بۆیان دەركەوتووە مردن كۆتایی مرۆڤ نییە.

خانمە نووسەرەكە ئەوەش دەڵێت: لەدوای وەستانی دڵ، مێشك بۆ ماوەی ١٠ خولەك بەردەوام دەبێت لەكاركردن، بەڵام لەگەڵ هاتنی خولەكی ١٥ ژمارەی خانە مردووەكان بەرزدەبنەوە بەوەش ئەستەم دەبێت هۆشی كەسەكە جارێكی تر چالاك ببێتەوە، بەڵام زاناكانی دامەزراوەئەمەریكییەكە ئەم بۆچوونە رەتدەكەنەوە.

نووسەر هەروەها دەڵێت: بەپێی زانست، ئەركی ئەندامانی جەستە دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەدوای مردنی كەسەكە چی روودەدات، بەگشتی مێشكی مرۆڤ زۆر لەوە زیاتر بەردەوام دەبێت لەژیان وەك ئەوەی خەڵك پێیوایە.

لەراستیدا ، چالاكی مێشك دەست دەكات بە كەمی و بەهێواشی جیادەبێتەوە، دواتر بەشە جیاوازەكانی مێشك تاك تاكە و بەدوای یەكدا لەكاركردن دەوەستن، لەبەر ئەوە مێشكی مرۆڤ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەژیاندا دەمێنیتەوە.

نووسەر باسی لەوەش كردووە، ئاگایی دوای وەستانی دڵیش بەردەوام دەبێت، بەجۆرێك بەهەموو ئەو شتانە دەزانێت، كە لەدەوروبەریدا روودەدەن، بەڵام چیتر ناتوانێت هیچ ئاماژەیەك بنێرێت، كە گوزارشت لە ژیانی بكات، لەهەمان كاتدا زاناكان دەڵێن مردوو دەبیستێ و لەهەموو ئەو شتانەشی لەدەوروبەری روودەدەن تێدەگات.

جەختیش كراوەتەوە لە كاتژمێرەكانی كۆتایی مردنی مێشك ، مرۆڤ هەست دەكات ئەو لەناو جەستەی خۆیدا بەند كراوە و گوێی لەهەموو شتەكانی دەوروبەری خۆی دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە تیمیە زانستییەكە ئەوەیان سەلماندووە، كە مێشك دەستبەجێ و لەگەڵ وەستانی دڵ نامرێت.

لەدرێژەدا نووسەری بابەتەكە دەڵێت: گەلێك لە لێكۆڵینەوەكان جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە دواین بەشی مێشك كە دەمرێت ئەو بەشەیە پەیوەندی بە بیرەوەرییەكانەوە هەیە، هەر لەسەر بنەمای ئەمەش دەكرێت راڤەی ئەوە بكرێت، كە ئەوانەی ئەزموونی مردنی سەرجێگایی (موت سریری)یان هەبووە هەموو رووداوەكانی ژیانیان بەبەرچاویاندا تێپەڕیوە، بەگشتی هێشتا لێكۆڵینەوەكان تەواو نەبوون، ئەوەش لەبەر ئەوەی مێشكی مرۆڤ لە ئاڵۆزترین ئەو مەتەڵانەیە كە هێشتا هەڵنەهێنراوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی