لەسەر داواى یەکێتى بڕیاری دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگای هەڵەبجە رادەگیرێت

کوردستان

12/09/2019‌ 409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسەر داواى یەکێتى پارێزگارى هەڵەبجە دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگای هەڵەبجە رادەگرێت و داوا لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەکات کار بە نوسراوى دابەشکردنى پۆستەکان نەکەن.

دواى ئەوەى لەچەند رۆژى رابردوو شارپرێس زانیاری ئەوەى بڵاوکردەوە کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  پەشیمانە لە چۆنییەتى دابەشکردنى پۆستەکانى و بەرکەوتەى خۆى لەو پارێزگایە، لەئێستاشدا هەوڵ دەدات گۆڕانکارى لەو پڕۆسەیە بکات و دابەشکردنى پۆستە ئیداریەکان رابگرێت، پارێزگارى هەڵەبجە بە نوسراو ئەو داوایەى لە وەزارەتى ناوخۆ کردوە.

بەپێى زانیارییەکان ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە لە نوسراوێکدا کە ئەمرۆ پێنج شەممە دەریکردوەو ئاراستەى وەزارەتى ناوخۆی کردوە، رایگەیاندوە" داواکارین لە بەرێزتان کە کار بە نوسراومان(١/٣٢١٢) لە ١٠/٩/٢٠١٩ مەکەن کە لایەنێکى سیاسى کە پێگەیەکى گەورەى لە پێکهێنانى حکومەت و ئەزمونێکى سەرکەوتووى لە حکومەتى هەرێم کردوە واژووى تەنیا لەسەر پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگا کردوە.

پیشتر شارپرێس ئەوەشى بڵاوکردەوە کە یەکێتى تەنیا لەسەر کورسییەکانى ئەنجومەن رەزامەندى نیشانداوە نەک پۆستە حکومییەکانى تر، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت گۆڕانکارى لە پشک و بەرکەوتەى حزبەکەى بکات.

لەئێستادا یەکێتى ناڕازییە لەو پشکەى بەرى کەوتووەو دەیەوێت جارێکى تر پێداچوونەوە بە دابەشکردنى پۆستەکان بکرێت.

شارپرێس زانیویەتى پارێزگارى هەڵەبجە لەسەر داواى یەکێتى ئەو داواییەى لە وەزارەتى ناوخۆ کردوە کە داواى راگرتنى بڕیارى دابەشکردنى پۆستە ئیدارییەکانى ئەو پارێزگایەى کردبوو.


س.هـ

بەپەلە