سیناتۆرێكی دیاری ئەمەریكا داوا دەكات پەلاماری پاڵاوگە نەوتییەكانی ئێران بدرێت

جیهان

15/09/2019‌ 398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای هێرشی رۆژی شەممەی حوسییەكانی هاوپەیمانی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە، لیندسی گراهام گەورە سیناتۆری كۆمارییەكان داوا دەكات پلان بۆ هێرشكردنە سەر پاڵاوگە نەوتییەكانی ئێران دابنرێت .

گراهام لە زنجیرە تویتێكدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نووسیویەتی: ئەگەر ئێران بەردوامبوو كارە هەراسانكەرییەكانی و پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزكردەوە، ئەوە دەبێت واشنتۆن بیر لەهێرشكردنە سەر پاڵاوگە نەوتییەكانی ئێران بكاتەوە.

گراهام، كە هاوپەیمانێكی نزیكی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكایە ئەوەشی نووسیوە: هێرشەكانی رۆژی شەممە بۆ سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە، دەریدەخات كە ئێران زۆر گوێ بە ئاشتی نادات و لەجیاتی ئەوە هەوڵ دەدات چەكی ناوەكی بەدەستبهێنیت‌و باڵادەستی هەرێمی خۆی فراوان بكات.

ئەو، كە ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی پیرانە باسی لەوەش كردووە، یاخیبووە حوسییەكان، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و بەرپرسیاری خۆیان لە هێرشەكانی سەر پاڵاوگە نەوتییەكانی سعودییە راگەیاندووە نموونەیەكی ترن لەوەی، كە چۆن ئێران ئاژاوە و بێسەرەوبەرەی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست زیاد دەكات.

ئەو لێدوانەی گراهام دوای لێدوانی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دێت، كە جەختیكردەوە ئێران لەپشت ئەو هێرشەیە، كە كرایە سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە.

هەروەها پۆمپیۆ لە تویتێكدا نووسیوەتی: تاران لەپشت ١٠٠ هێرشە بۆ سەر سعودییە، لەكاتێكدا حەسەن روحانی و جەواد زەریف وا خۆیان پێشان دەدەن سەرقاڵی كاری دیبلۆماسین .

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لەهەموو وڵاتان كرد بەئاشكرایی و لێبڕاوانە سەركۆنەی هێرشەكانی ئێران بكەن، هەروەك لەئیدارەی ترامپیشەوە هۆشداریدا لەوەی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لەسەر كردەوە دوژمنكارییەكانی سزای ئێران دەدەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە