یەكێتی هەڵوێستی چی دەبێت؟
شارپرێس وردەكاری نوێ‌ لەبارەی رێگری لەمەحمود سەنگاوی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

20/09/2019‌ 13848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی وردەكاری نوێ‌ لەبارەی رێگری لەمەحمود سەنگاوی بۆ چوونە هەولێر بۆ شارپرێس ئاشكرادەكات‌و باسیش لەو رێكارانە دەكات لەبەرانبەر ئەو كردەوە دەیگرنە بەر.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە لەبەر هەستیاری دۆخەكە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بەشارپرێسی وت: "رۆژی پێنج شەممە مەحمود سەنگاوی بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەرێوەبووە بۆ هەولێر و تەنیا دوو ئۆتۆمبیلی پێبووە، دوای گەیشتنی بەبازگەی نازەنین بەرێزەوە پێیوتراوە، كە دەبێت پەیوەندی بەسەرو خویانەوە بكەن ئەویش زۆر بەئاسایی وەریگرتووەو حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی، كە لە هەولێر بووە لەدۆخەكە ئاگاداركردووەتەوەو دواتر مەحمود سەنگاوی هەستی كردووە پاسەوانانی بازگەكە بە دەوری ئۆتۆمبیلەكانی دابەش بوون بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت بڕیاری ئەوەی داوە بگەڕێتەوە".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتیشی: لەو كاتەوە ئەفسەری بازرگەكە گەڕاوەتەوە لای مەحمود سەنگاوی‌و پێی وتووە: "من دەستت ماچ دەكەم، بەڵام من فەرمانم پێكراوە و هیچ دەسەڵاتم نییە".

بەقسەی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو كاتە حاكم قادر پەیوەندی بەعیسمەت ئەرگوشی بەرپرسی ئاسایشی گشتی كردووەو ئاگاداری كردووەتەوەو ئەویش بەڵێنی چارەسەرداوە، بەڵام دوایی وەڵامی نەداوەتەوە.

هەر بەقسەی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی دوای ئەوەی مەحمود سەنگاوی گەڕاوەتەوە ئەوانیش، كە لەمەكتەبی سیاسی بوون لەهەولێر بڕیاریانداوە كۆبوونەوەكە نەكەن‌و وتیشی: "خومان هەر لەوێ چەند بریارێكی ترماندا سەبارەت بەو كەیسە".

لەبارەی بڕیارەكان ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: نامەیەكی توند ئاراستەی سەركردایەتی پارتی‌و حكومەت بكرێت و روونیبكەینەوە، كە یەكێتی بە هیچ شیوەیەك ئەوە قبوڵ ناكات، هەروەها بازگەكان بەپەلە رێگری بكەن لە چوونە ژورەوەی هەموو بەرپرسەكانی پارتی بۆ زۆنی سەوز".

باسی لەوەش كرد، كە بڕیاری ئەوەش دراوە گەر پارتی هەڵوێستی نەبوو، داوای لێبوردونی نەكرد ئەوكات یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان بێتە دەرەوە.

یەكێتی هەمان رۆژ بۆ ئەو مەبەستە نامەیەكی ئاراستەی هەموو قونسولخانەكان كردووەو دۆخەكەیان روونكردووەتەوەو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیش هەڵگیراوە بۆ ئەمڕۆ هەینی سەعات 11ی نیوەڕۆو بۆ ئەوەی مەحمود سەنگاویش بەشداری بكات.

لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: جگە لەو پرسە باسی رێككەوتنە سیاسییەكەمان لەگەڵ پارتی‌و پرسی پارێزگاری كەركوك دەكەین‌و دواین بڕیاریش بۆ رای گشتی رووندەكەینەوە.
 
رۆژی پێنج شەممە رێگری لەمەحمود سەنگاوی كرا بچێتە شاری هەولێر، كە دەنگۆ هەیە پەیوەندی بەو قسانەوە هەبێت، كە پێشتر لەسەر پارتی‌و مەسعود بارزانی كردبووی.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی لەوەش كرد، هەر هەمان رۆژی رێگری لە ٤٥ ئۆتۆمبیلی ئەفسەرو بەرپرسانی پارتی كردووەو گەڕاندوویانەتەوە بۆ هەولێر.

هـ ـ ح