ئەردۆغان: نزیكەی 3 بۆ 5 ساڵ پێش ئێستا پلانمان بۆ ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی دانابوو

کوردستان

19/10/2019‌ 1036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا رایگەیاند، ئامادەكردنی پرۆسەی سەربازی "كانی ئاشتی" هی ئێستا نییە و  ٣ بۆ ٥ ساڵ پێش ئێستا ئامادەكاری بۆ كراوە .

بەگوێرەی ئاژانسی ئاندۆڵی توركیا ئەردۆغان لەكاتی قسەكردنی بۆ نوێنەرانی دەزگا راگەیاندنە بیناییەكان لەئەستەنبوڵ راشیگەیاند، كە هێزە چەكدارەكانی توركیا ئەو ناوچانە جێناهێڵن، كە داگیریدەكەن، لەبەر ئەوەی دەستەبەركردنی ئاسایشی ئەوێ پێویستی بەوەیە .

هەروەها رایگەیاند، پرۆسەی سەربازی كانی ئاشتی دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان دوورخستنەوەی شەڕڤانانی كورد لە سنووری توركیا، دووەم نیشتەجێكردنی بەشێك لە ئاوارە سورییەكانی نیشتەجێی توركیا لەو جێگایەی دەستیبەسەردا دەگرن  .

ئەردۆغان باسی لەوەش كرد، كە ئەو ناوچە ئارامەی ئەوان بەرنامەیان هەیە دروستی بكەن خۆی لە بنیادنانی ١٤٠ گوند دەبینێتەوە، كە هەریەكەیان جێگای ٥ هەزار كەسی تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ بنیادنانی ١٠ كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون هەریەكەیان جێگای ٣٠ هەزار كەسی تێدا دەبێتەوە.

لەسەر پەرچەكرداری نێودەوڵەتی سەرۆكی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە، كە پرۆسەی كانی ئاشتی لە سوریا لە دوو رۆژی یەكەمیدا لەپێشبینیدا نەبوو توركیا ئەو سەركەوتنە بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك كاتیك پرۆسەكە بەسەركەوتوویی چووە پێش پەرچەكردارەكان بەشێوەیەك زیادیان كرد، كە لە سنووری عەقڵ چوونەدەرەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر پرۆسەكانمان بەردەوام بووین .

ئەردۆغان جەختیكردووەتەوە، كە هەڵوێستی هەندێك وڵاتان بەتایبەتی ئەمەریكا گۆرانكاری بەسەردا هاتووە دوای ئەوەی هێزەكانیان لەماوەیەكی كەمدا توانیویانە تا قووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر برۆنەپێشەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی