شارپرێس:
ڕێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا بە ئاگربەست لە باكووری سوریا مەترسییەكانی ئەمریكای نەڕەواندووەتەوە سەبارەت بەكڵاوە ئەتۆمییە داكراوەكانی (عەمباركراوەكانی) لەبنكەی ئەجیرلیكی توركی.
واشنتۆن وا تەماشای ئەو چەكە ئەتۆمییانەی دەكات، كە بارمتەن بەدەست توركیاوە و دەكرێت لەهەر ئانوساتێكدا وەك كارتێكی فشار دژی ئەمریكا بەكاریانبێنێت.
بنكەی ئەنجیرلیك، كە 160 كیلۆمەتر لە سنووری سوریاوە دووروە، نزیكەی 50 بۆمبی ئەتۆمی ئەمریكی لە جۆری (B61) تێدا عەماباركراوە.
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە ئەمریكییەكان پرسیاری ئەوەیان ورژاندووە، كە ئاخۆ هێشتا توركیا شایستەی ئەوەیە ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆ بێت، ئەمەش لەسایەی بارگرژییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، كە واپێدەچێت لە گرێژنە چووبن و توركیاش بازنەی جیهانی ڕۆژئاوای جێهێشتبێت.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس لەو بارەوە بڵاویكردەوە، كە مامەڵەكەی 5 شەممەی ڕابردووی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، كە ئاگربەستی لێكەوتەوە لە باكووری سوریا، كەمێك ئەو بارگرژییانەی خاوكردوونەوە، بەڵام ئاراستە گشتییەكە هێشتا نەرێنییە، چونكە توركیا بەرە بەرە لەڕوسیا نزیك دەبێتەوە.
ئاژانسەكە لەسەر زاری ماڕك ئیسبیری وەزیری بەرگری ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، ناوبراو ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو رایگەیاندووە، ڕەفتاری توركەكان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بێزاركەرو هەراسانكەر بووە، ئەنقەرە گوێی بەهۆشدارییەكانی واشنتۆن نەداوە لە كڕینی سیستەمی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی، كە واشنتۆن بە دەروازەیەكی سیخوری ڕوسیای لە قەڵەم دەدات، واتە توركیا لەدەرەوەی بازنەی ڕۆژئاوا باڵەفڕیەتی.
لە یۆلیۆی ڕابردوو پنتاگۆن ڕایگەیاند، فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 35 بە توركیا نافرۆشێت و ڕێگەی ئەوەشی پێنادات بەشدار بێت لەپرۆسەی پەرەپێدانی ئەو فڕۆكەیەدا، ئەمەش بۆ هۆی مامەڵەی كڕینی موشەكی ئێس 400 ی ڕوسییەوە، كە دەكرێت بەكاریبهێنێت بۆ سیخوریكردن و دزەكردنە ناو نهێنییەكانی تەكنەلۆجیای دروستكردنی ئەو فڕۆكەیە.
بە هۆی نەمانی متمانەی واشنتۆن بە ئەنقەرە، پێشنیاری گواستنەوەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانەی لە بنكەی ئەجیرلیكی توركییەوە بۆ دەوڵەتێكی دیكەی ناتۆ بە گەرمییەوە باسیان لیوە دەكرێت، بەڵام پێشنیارەكە پشتیوانی بەرپرسە ئەمریكییەكانی نییە، كە دەترسن ئەنقەرە توانستی پەرەپێداین خودی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانەی پەیدا كردبێت.
هەینی ڕابردووش بەرپرسێكی پنتاگۆن وتی: لەگەڵ ئەوە نییە هیچ ڕێوشوینێك دژ بە توركیا بگیرێتەبەر، كە وای لێبكات پرۆگرامی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی پەرەپێ بدات، ئاماژەی بەوەشدا، ئەردۆغان لە سیبتێمبەری ڕابردوو باسی ئەو شیمانەیەی (ئیحتمال) ی كردووە.
هەندێك شارەزا و پسپۆری ئەتۆمی ئەمریكاش دەڵێن: گواستنەوەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانە لە بنكەی ئەنجیرلیكەوە بۆدەوڵەتێكی دیكەی ناتۆ، چاكتر و باشترە.
هەروەها هانز كریستنسن، كە ئەندامی یەكێتی زانایانی ئەمریكییە و چەندەها ساڵە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەكات، لەچاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت: گرنگیدان بە گواستنەوەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییانە لە بنكەی ئینجیرلیكەوە پرسێكی دێرینە، بە تایبەتیش هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لەم ساڵانەی دوایدا لە بارەی ئاسایشی ئەمریكاوە لە دڵەڕاوكێدان.
وتیشی: هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا نیگەرانی ئەوەن، ئاخۆ لەبنكە ئەنجیرلیكدا بای ئەو توانستیان هەیە، بەرپەرچی هێرشێك بدەنەوە ئەگەر لایەنێك بیكاتە سەریان.
باسی لەوەش كرد، كە دوای بڕیاری كشانەوەی هێزە سەربازییەكان، ململانێكانی باكوری سوریا بۆ ئەمریكییەكان ئاڵۆزتر بووە، لە لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی ئەو هەنگاوەشیان دەترسن لە توركیا.
هەروەها4 شەمممەی ڕابردوو ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمزی ئەمریكی لە چەند سەرچاوەیەكی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و وزەی ئەمریكاوە باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسان تاوتوێی باشترین ڕێگەچارە دەكەن بۆ گێڕانەوەی ئەو 50 بۆمبە ئەتۆمییە لە بنكەی ئینجیرلیكی توركیاوە بۆ دەوڵەتێكی دیكەی ناتۆ.
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكیش وای بۆ دەچێت، كە ئەو بۆمبە ئەتۆمییانە وەك بارمتەیەك وان بەدەست ئەردۆغانەوە، بۆیە لابردنیان لە توركیا خاڵێكی وەرچەرخانە لەكۆتاییهێنان بە ئەندامی توركیا لە هاوپەیمانی ناتۆدا.
جێفری لویس لە سەنتەری جیمس ماڕت بۆ لێكۆڵینەوەكان لەم دواییانەدا وتی: ئەمە یەكەمجارە دەوڵەتێك بۆمبە ئەتۆمییەكانی ئەمریكای لابێت و ئەگەری ئەوەشی لێبكرێت دژ بە خودی ئەمریكا ئاراستە بكرێن.
سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر