وەزارەتی بەرگری توركیا: لەم قۆناغەدا پێویست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ ناكات

کوردستان

23/10/2019‌ 569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند، ئەمەریكا توركیای ئاگاداركردووەتەوە، كە شەڕڤانە كوردەكان بەتەواوەتی ناوچە ئارامەكەیان جێهێشتووە.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لەم قۆناغەدا و لەدەرەوەی ئەو ناوچەیە پێویست بە هیچ پرۆسەیەكی سەربازی ناكات .

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەمەریكا و توركیا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەنقەرە پرۆسەی سەربازی "كانی ئاشتی" رابگرێت بەرانبەر ئەوەی شەڕڤانە كوردەكان لەماوەی ١٢٠ كاتژمێردا ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن، كە ئۆپەراسیۆنەكانی تێدا بەڕێوە دەچێت ،

واشنتۆن لەسەر زاری مایك پنس یاریدەدەری سەرۆكی ئەمەریكا وتی: ڕێكەوتنی ئاگربەست مانای ئەوەیە هێزە كوردییەكان بەقووڵایی ٣٢ كیلۆمەتر ناوچە سنوورییەكانی توركیا بەجێبهێڵن، هەروەك جەختی كردەوە ئاسانكاری بۆ ئەو پرۆسەیە دەكات و هێزەكانی ئەمەریكاش جارێكی تر ناگەڕێنەوە ناوچەكە .

هێزەكانی سوریای دیموكرات ، سوپای توركیا و گرووپە چەكدارییە سورییە هاوپەیمانەكانی تۆمەتبار كرد بەوەی ڕێكەوتننامەی ئاگربەستیان پێشێل كردووە و داوایان لە واشنتۆن و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی كرد چاودێری نێودەوڵەتی بنێرنە ناوچەكە بۆئەوەی چاودێری جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی