ناتۆ و نەتەوەیەكگرتووەكان پشتیوانی توركیا بۆ پاكتاوی رەگەزی دژ بەكورد لەسوریا دەكەن

عیراق

05/11/2019‌ 3410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وادیارە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی پیلانەكەی توركیا دەكات بۆ جێگیركردنی ملیۆنان پەنابەری عەرەبی نیشتەجێی توركیا لەو بەشەی خاكی رۆژئاوای كوردستان، كە توركیا لەمدواییە لەڕێگای ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی داگیری كرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٨٠ هەزار كوردی ناوچەكە بەناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت .

لەسەردانی ئەمدواییەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی توركیای كرد لە داڵدەدانی پەنابەرانی سوریا و رەزامەندیشی دەربڕی لەسەر دروستكردنی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە پیلانەكەی توركیا، بەشێوەیەك بەشی خزمەتگوزاری هەواڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە پیلانەكەی توركیا قبووڵكراوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت .

لەكاتی گفتوگۆكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا، ئەمینداری نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ رەخنەیەكی لە توركیا نەگرت لەسەر پەلاماردانی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە بەپێی هەموو بەڵگەكان سەدان پیشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤی تێدا تۆماركراوە، جگە لەوەی لە دیدارەكانیدا سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی ئەو ١٨٠ هەزار ئاوارە كوردەی نەكرد، كە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە ئاورە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جیهێشتووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەڵێت: هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەكەی توركیا دەكەین بۆ جێگیركردنی پەنابەرە عەرەبەكانی نیشتەجێی توركیا لەشوێنی خەڵكە ئااوارە بووەكەی رۆژاوای كوردستان .

لەئێستادا وادەردەكەوێت هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و نەتەوە یەكگرتووەكان و روسیا و زلهێزەكانی تری جیهان كار لەسەر ئەوە دەكەن ڕێگە نەدەن ئەوانەی بەهۆی دەستدرێژییەكانی توركیاوە ئاوارەبوون بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و خەڵكی تریان لەشوێن جێگیر بكەن، بەشێوەیەك ناتۆ بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پشتیوانی دەستدرێژییەكانی توركیای كرد و رایگەیاند، كە ئەوان لە مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا تێدەگەن و تەنیا داوایان لێكرد، كە دانبەخۆیدا بگرێت .

هەرچی ئەمەریكایە پشتیوانی توركیای كرد ئامانجەكانی بەدیبهێنێت، ئەویش لەڕێگای كردنەوەی بواری ئاسمانی باكووری سوریا لەبەردەم فڕۆكەكانی توركیا و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ سوپای توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان و كاركردن بۆ دوور خستنەوەی كورد لە پرۆسەی جنێف، كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دەكات بۆ نووسینەوەی دەستوور، چونكە واشنتۆن هیچ گوشارێكی ئەوتۆی نەكرد بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بكات هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشداری پرۆسەی جنێف بكەن .

هەڵسەنگاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پیلانەكەی توركیا سەبارەت بە جێگیركردنی ملیۆنان عەرەبی پەنابەری نیشتەجێی توركیا لەسەر خاكی رۆژئاوای كوردستان مانای ئەوەیە بۆیەكەمجار نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی چالاك بەشداری دەكات لە جێگیركردنی خەڵكی ناوچەیەكی تر لە ناوچەیەك، كە هی ئەوان نییە و هەوڵدان بۆ ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ئەو كەسانەی بەزۆری ماڵ و موڵكی خۆیان جێهێشتووە بۆسەر زێدی خۆیان، كە بە قسەی كورد ئەوە مانای پشتیوانیكردنی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە پاكتاوی رەگەزی دژ بە كورد .

بەشێوەیەكی گشتی و لەحاڵەتەكانی تردا، نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە جەنگ و داگیركاری وەستاوەتەوە رەتیكردووەتەوە وەك ڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پشتی پێببەسترێت و پشتیوانی پەنابەران و مافەكانیان بووە، بەڵام تا ئێستا ئۆپەراسیۆن و دەستدرێژی توركیا بۆ سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتیوانیكراو ، بۆ ئەوەش نە حكومەتی سوریا و نە دەسەڵاتدارانی ناوچەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا و خەڵكی ناوچەكە، كە لەسەر زێدی خۆیان دەركراون  هیچ رایەكیان نییە لە بریاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەڵسەنگاندنی پیلانەكەی توركیا .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی