توركیا ڕەخنە لەڕاپۆرتێكی ئەمریكا سەبارەت بە تیرۆر دەگرێت

جیهان

06/11/2019‌ 2610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنقەرە لە ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا توڕەیە سەبارەت بە تیرۆر لەجیهاندا، كە بەم دوایانە دەرچووە، چونكە ئەوانەی سەركۆنە نەكردووە ئەنقەرە بە نەیاریان دەزانێت.

ئەنقەرە ڕەخنەی لەوەیە، كە ڕاپۆرتەكەی ساڵی 2018 ی وەزارەتی دەرەوەی‌ ئەمریكا، هێزەكانی سوریای دیموكرات  و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كوردی بە "تیرۆرست" وەسف نەكردووە، كە بە باڵێكی "پەكەكە"یان دەزانێت لە سوریا، ئەمەشی بە پێودانگی دووسەرە وەسف كردووە.

ئە‌م سەركۆنەكردنە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، كە حكومەتی توركیا دەریكردووە و ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلیش بڵاویكردووەتەوە، ئەمەش دوای چاوپێكەوتنێكی ئاژانسەكە لەئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئەنجامدرا.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ‌كە توركیا لە ساڵی 1984 وە هێرشی تیرۆرستی دەكرێتەسەر، بەیاننامەكە باسی ئەوەشی كردووە، كە توركیا 4 ملیۆن پەنابەری لەخۆ گرتووە، بەرەنگاری داعش و تیرۆرستانیش بووەتەوە، كە هەڕەشە لە ئاسایشی سنوورەكانی دەكەن.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەنقەرە لە كردەی سەربازی قەڵغانی فوڕاتدا 3000 چەكداری داعش و 600 چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكراتی وەدەرناوە، لەكردەی لقی زەیتۆنیشدا 4500 چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكراتی وەدەرناوە.

بەیاننامەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەنقەرە بە هاوكاری ڕوسیا و بە هۆی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لەئیدلب، ڕێگەی لەكارەساتێكی مرۆیی گرتووە، كە 3 ملیۆن كەسی ئاوارە دەكرد، توركیا توانیویەتی جوڵەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان لەو ناوچەیە بەرتەسك بكاتەوە.

هەروەها‌ جەختیكردووەتەوە، كە بە هۆی كردەی سەربازی كانی ئاشتییەوە ناوچەیەكی ئاراممان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەستەبەر كردووە، بەیاننامەكە تیشكی لەسەر ئەوەش داناوە، كە سەرباری ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە پەكەكە كراوە، بەڵام ئاماژە بە باڵە سیاسی و سەربازییەكانی پەكەكە نەكراوە لەسوریا، هەروەها ئاماژە بە ڕێكخراوەكەی گولەنیش نەكراوە. بۆیە ئەو ڕاپۆرتە بەوە تۆمەتبار دەكات كە پێوانەكەی دووسەرەیە لە بارەی تیرۆرەوە.

ڕاپۆرتەكە بە ‌ناو باسی لەڕێكخراوەكەی غولەن و هێزەكانی سوریای دیموكرات نەكردووە، بەڵكو لەپەنایەكەوە باسی لە هەژموونی پەكەكە كردووە لە سوریا.

هاوكات ئەنقەرە لەسەر زاری "حامی ئەقسۆی" ی  قسەكەری فەرمی حكومەتی توركیاوە ڕایگەیاندووە، كە ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئەنقەست ئەو كارەی فەرامۆش كردووە، واشنتۆنیش لە هەوڵ و كۆششی پشتیوانی ئەو ڕێكخراوانەدایە كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان.

"ناسان سیلز" ی هەماهەنگكاری كاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2018 خستەڕوو، باسی لە گرنگترین ئەو هەڕەشە تیرۆرییانە كرد كە بەرەنگاری جیهان دەبنەوە، باسی لە داعش و ئێرانیش كرد، بەڵام باسی لە هەسەدە و یەپەگە و ڕێكخراوەكەی گولەن نەكردووە. 

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر