یاداشتنامەیەكی ئەمەریكی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بە "تاوانی جەنگ" وەسف دەكات

کوردستان

08/11/2019‌ 2338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكا، بەرپرسێكی گەورەی ئەمەریكی رەخنەی ئەوەی لەئیدارەی دۆناڵد ترامپ گرتووە، كە هەموو هەوڵی خۆی نەداوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لەهێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، كە هێرشەكەی بە "تاوانی جەنگ " و "پاكتاوی رەگەزی " وەسف كردووە. 


بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی رۆژنامەكە دەستیكەوتووە، ویلیام رۆبۆك یاریدەدەری نێردەی ئەمەریكی تایبەت بۆ كاروباری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش نووسیویەتی، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە ئەمەریكا هەوڵی نەداوە ڕیوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ ئەوەی جڵەوی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بكات .

هەر بەگوێرەی نیویۆرك تایمز، لە یاداشتنامەكەدا رۆبۆك رەخنەی لەهەوڵە چرەكانی توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی توركیا گرتووە بۆ پاكتاوی رەگەزی لەدژی كوردەكانی سوریا، كە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ناكرێت جگە لە تاوانی جەنگ و پاكتاوی نەژادی هیچ ناوێكی تری لێبنرێت .

لای خۆیشییەوە مۆرگان ئۆرتیگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو یاداشتە ناوخۆییانە بڵێت و وتی: پێشتر روونمان كردووەتەوە، كە زۆر بە توندی لەگەڵ بریاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دژ بووین بۆ چوونە ناو خاكی سوریاوە، بۆ ئەوەش هەموو شتێكمان كرد جگە لەرووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

سەبارەت بەو تاوانانەی لەلایەن توركیا و میلیشیا چەكدارەكانی توركیا دەكرێن ئۆرتیگاس وتی: ئەمەریكا زۆر بە جددی لەو راپۆرتانە دەڕوانێت، كە باس لە كوشتنی خەڵكی مەدەنی و لاشەڕ دەكەن لە لایەن چەكدارانی توركیاو میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە توركیا.

توركیا رۆژی نۆی مانگی رابردوو لەگەڵ گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوای كوردستان كرد، ئەوەش بەبیانووی بوونی شەرڤانانی سوپای سوریای دیموكرات لەو ناوچانە، كە ئەمریكا بۆ شەڕی داعش پشتگیریان دەكات.

هـ ـ ح