زۆربەی ئەڵمانەكان لەگەڵ ئەوەن توركیا لەهاوپەیمانی ناتۆ دەربكرێت

جیهان

09/11/2019‌ 2446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپرسییەكی نوێ ئەوەی دەرخستووە 58% ی ئەڵمانەكان دەیانەوێت توركیا لە هاوپەیمانی ناتۆ دەربكرێت بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەوە بۆ سەر سوریا. 

هەروەها ڕاپرسییەكە دەریخستووە رێژەیەكی زۆر لەدانیشتوانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەدان سزای ئابووری بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنرێت، ئەمەش بەگوێرەی رۆژنامەی (دویتچ فیلا)ی ئەڵمانی.

زۆربەی زۆری ئەڵمانەكان وای دەبینن پێویستە توركیا لە ناتۆ دەربكرێت، بەهۆی ئەو هێرشە سەربازییەوە، كە ئەنجامیدا بۆ سەر باكووری سوریا لە مانگی رابردووەوە.

راپرسییەكە لەلایەن ناوەندی (یۆگۆف) و لەسەر راسپاردەی ئاژانسی هەواڵی دپای ئەڵمانییەوە ئەنجامدراوە زیاتر لە 2000 چاوپێكەوتن لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەڵمانیا لە خۆی دەگرێت و لە ماوەی 25 و 28 دا رێكخراوە، ئەنجامەكەشی بریتی بووە لەوەی 58%ی ئەوانەی پرسیان پێكراوە پێیان وایە دەبێت توركیا لەرێكخراوی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەربكرێت، كە هاوپەیمانییەتێكی سەربازی حكومییە و لە 29 دەوڵەتی ئەوروپی‌و ئەمریكای باكوور پێك دێت، لە هەمان كاتدا 18%یان بیرۆكەكەیان رەتكردووەتەوە.

ئەنجامی راپرسییەكە روونیكردووەتەوە، رێژەیەكی زۆری ئەڵمانەكان دەیانەوێت حكومەتی وڵاتەكەیان رێكاری توندو توڵ بگرێتە بەر بەرانبەر حكومەتی توركیا، بەشێوەیەك 61% پشتیوانی لەوە دەكەن سزای ئابووری بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنرێت، 69%یش بۆچوونیان وابووە، كە پێویستە بەشێوەیەكی تەواوەتی هەناردەی چەك بۆ توركیا قەدەغە بكرێت.

میكانیزمی دەركردنەكە لەناتۆ
دیارە حكومەتی ئەڵمانیا لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆسە سەربازییەكەی توركیاوە بۆ سەر سوریا بەشێك لەهەناردەكردنی چەكی ڕاگرتووە، بەڵام تا ئێستا قەدەغەكردنی تەواوەتی بەسەر فرۆشتنی چەكدا بۆ ئەو وڵاتە رانەگەیەنراوە، كە پێشتر راوێژكاری ئەو وڵاتە ئەنگیلا مێركل پەیمانی دابوو.

لەلایەكی ترەوە، هیچ میكانزمێك لە بەڵگەنامەی دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆدا نییە، كە روونیبكاتەوە چۆن بتوانن یەكێك لەئەندامەكانی تێدا دەربكەن، لەگەڵ ئەوەی چەند بەندێكی تێدایە دەربارەی رێگە پێدان لە كشانەوەی هەر ئەندامێك، كە بیەوێت بكشێتەوە لەو هاوپەیمانییە سەربازیەدا. 

پێدەچێ پرۆسەی دەركردنی توركیا پرۆسەیەكی ئالۆز و درێژی بووێت، سەرەرای رەزامەندی سەرجەم ئەندامان و پەسەندكردنی لەلایەن ئەوانەوە.

هەڵوێستی جیاواز لەسەر گۆرەپانی سیاسی 
لەسەر ئاستی سیاسییەكانی ئەڵمانیا، ژمارەیەكی زۆر لەسیاسیەكانی پارتی چەپڕەو داوای دەركردنی توركیا دەكەن، هەروەها سەرۆكی گروپی پەرلەمانی پارتی ئیشتراكی دیموكراتی راسترەو رولف موتزینیچ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەندامەتی توركیا لەناتۆ بووەتە جێگای پرسیاركردن.

بەڵام وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەڵمانیا (سیگمار گابرییل) باسی لەوە كردووە، دەركردنی توركیا لە ناتۆ دەبێتە هۆی بەرپابوونی مەترسییەكی ئەمنی نوێ و گەورە لەسەر سنوری رۆژهەڵاتی یەكێتی ئەوروپا.

هەڵكشانی رادەی ئاڵۆزییەكان
لەم مانگانەی دواییدا رادەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ‌ نێوان توركیا و ناتۆ گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنقەرە مكوڕبوو لەسەر كڕینی سیستەمی ئێس-400ی روسی لەم هاوینەدا و پاش ئەوەی هێرشی توركیا بۆ سەر كوردەكان دەستیپێكرد دۆخی نێوانیان زیاتر بەرەو ئاڵۆزی رۆیشت.

سەرچاوە: العربیە.نت
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا