سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن خۆپێشاندان و كارەساتی دبلۆماسی لێدەكەوێتەوە

جیهان

10/11/2019‌ 6008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتێكی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك، پێشبینی ئەوە دەكات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، ڕووبەڕووی خۆپێشاندانی فراوان ببێتەوە بەهۆی داگیركاری توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، مەترسی ئەوەش‌ هەیە سەردانەكە كارەساتێكی دبلۆماسی لێبكەوێتەوە وەك ئەوەی ساڵی 2017 ڕوویدا.

 ڕاپۆرتەكە سەرنج بۆ ئەوەش ڕادەكێشێت، كە هەلەكانی سەركەوتنی سەردانەكە ئێجگار لاوازە، بەهۆی ئەو دۆسییە زەبەلاحانەی ڕووبەڕووی ئەردۆغان دەبنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە،‌ هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و توركیا، لە 13 ی نۆڤەمبەر لەواشنتۆن چاویان بەیەك دەكەوێت، گفتوگۆكانیان لەتەوەری ئەو بابەتانەدا دەخولێتەوە، كە بە هۆی هەڵكشانی بەردەوامی بارگرژییەكانی ئەم دوایانە لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا دروست بوون سەبارەت بەدۆسییەكانی سیاسەتی دەرەوە، ترسی ئەوەش‌ هەیە ئەو ڕووداوە دووبارە ببێتەوە، كە پێشتر ڕووبەڕووی ئەردۆغان بووەوە لە ئەمریكا، كاتێك پاسەوانەكانی كەوتنە دەمەقاڵێیەكی توند لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە "شیردان سیركڵ" ، ئەمەش وێنەی توركیای لە ئەمریكا ناشرین كرد.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە،‌ لەوانەیە بەمزووانە كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ هێوركردنەوەی یاسادانەرە توڕەكان، سزاكان بەسەر توركیادا بسەپێنێت، بۆ كەمكردتەوەی ئەو مەترسییانەش، دەبێت سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ ئەردۆغاندا بخاتەگەڕ بۆ هێوركردنەوەی ناكۆكییەكان سەبارەت بەو بابەتانەی ڕاپۆرتەكە باسی لێوەكردوون.

تێوەگلانی توركیا لە سوریا و سزاكان 
لە 9 ی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی توركیا، بە مەبەستی لاوازكردنی كوردەكان،  هێرشی سەربازییان كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، كوردەكانیش لە ساڵی 2014 وە هاوپەیمانی واشنتۆنن لە جەنگی دژ بە داعشدا.

دوای هەرەسهێنانی داعش لە ساڵی 2017، بەرپرسە ئەمریكییەكان و ئەنقەرە دەستیان دایە دانانی پلانێك بۆ دروستكردنی "ناوچەیەكی ئارام" لە ڕۆژئاوای كوردستان، دوورخستنەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە ناوچە ئارامەكە‌ و سنورەكانی توركیا، بەڵام ئەمڕۆ كەسانێكی زۆر لە واشنتۆن لە ئەردۆغان توڕەن، چونكە ناوبراو ئەو پلانانەی هەڵوەشاندنەوە، كە ڕێگەی بە ئەمریكا و توركیا دەدا بەیەكەوە لەو ناوچە ئارامەدا‌ كار بكەن، بێ ئەوەی ڕێگە بەڕوسیا و سوریا بدەن بێنە ئەو ناوچەیەوە.

لەوەڵامدانەوەی ئەم كارەی توركیادا، لە 28 ی نۆڤەمبەر، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەنگی لەسەر یاسایەكدا، كە سزا بەسەر ئەو بەرپرسە سەربازییانەی توركیادا دەسەپێنێت بەشداری داگیركارییە سەربازییەكە‌ بوون، قەدەغەشی دەكات ئەو چەكانە بە توركیا بفرۆشرێن، كە لە‌وانەیە ‌ لەگەڵ لایەنە پاشكۆكانی لە سوریا بەكاریان بێنن، ئێستاش لە ئەنجومەنی پیران كار لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە شیمانەكراوە (محتمل) دەكرێت، هەروەك ڕاپۆرتەكە دەڵێت.

ئەو شەپۆلی توڕەییە دژ بە ئەنقەرە،‌ دەستەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشی گرتووەتەوە، چونكە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) دژ بەو داگیركارییەی توركیایە.

ڕۆڵێ توركیا لە پرۆگرامی "ئیف – 35" 
سەرباری هۆشدارییە چەندجارەكانی ئەمریكا بەوەی ئەو سیستەمە موشەكییە لەوانەیە هەڕەشە لە سیستەمی سەربازی ئەمریكا بكات لە توركیا، كەچی ئەنقەرە ئەمساڵیش بەردەوامیداوە بە ‌ تەواوكردنی مامەڵەی كڕینی موشەكی بەرگری ئێس 400 ی ڕوسی. 

لە وەڵامیشدا پنتاگۆن ئەنقەرەی هەڵدایە دەرەوەی پرۆگرامی فڕۆكەی شەڕكەری "ئێف – 35" ، لە 17 ی تەمووزدا، كارمەندە سەربازە توركەكانی ئەو پرۆگرامەشی لە ئەمریكا وەدەرنان و ناردنییەوە بۆ توركیا.

تا ئێستاش توركیا چەندەها پارچەی یەدەگی ئەو فڕۆكەیە بەرهەم دێنێت، 8 لە كۆمپانیاكانیشی زیاتر لە 900 پارچەی یەدەگی ئەو فڕۆكەیە بەرهەم دێنن، كە پەیوەستن بە ئامێرەكانی نیشتنەوە و یەكەی ئاراستەكردنی ڕۆكێتەكان، وادەی ئەو پەیوەندییەش لە مارسی 2020 تەواو دەبێت.

چاوەڕوانیش دەكرێت فشاری هاوبەشی كۆنگرێس و پنتاگۆن ئەوە قەدەغە بكات دووبارە و بەم نزیكانە توركیا بگەڕێتەوە ناو پرۆگرامەكە، بۆیە ئەردۆغان بەدوای چارەسەری جێگرەوەدا دەگەڕێت و  پەنا بۆ ڕوسیا دەبات.

بەرەنگاربوونەوەی توڕەیی كۆنگرێس
یاسادانەرە ئەمریكییەكان یەكدەنگ بوون لەسەر دژایەتیكردنی بڕیارەكەی ترامپ بە كێشانەوەی هێزەكانی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و ملكەچبوونی واشنتۆن بۆ كردە سەربازییەكەی توركیا دژ بە كوردەكانی سوریا. 

لە دید و بۆچوونی ئەوانەوە ئەو كردەییە زەرەر و زیانی بە مەدەنییەكان گەیاندووە، دیموگرافیای دانیشتوانی ناوچەكەی گۆڕیوە و كوردەكان لە خاكی خۆیان دەركراون.
لە 16 ئۆكتۆبەر و لە سایەی یەكدەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ئەنجومەنكە بە زۆرینەیەكی كەمەرشكێن (354 بەرامبەر 60 دەنگ) بڕیارێكی تێپەڕاند بەوەی پێویستە توركیا "دان بەخۆیدا بگرێت" لە سوریادا. 

بڕیارەكە ناڕەزایی بەرانبەر ئەوەش دەربڕی، كە كردە سەربازییەكە، داعش دەبوژێنێتەوە و هانی ڕژێمەكەی ئەسەد و ڕوسیاش دەدات.

 لە 29 ی ئۆكتۆبەر، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە زۆرینەیەكی كەمەرشكێن (403 بەرانبەر 16 دەنگ) بڕیارێكی پەسەند كرد، كە هەڕەشەی سەپاندنی سزاكان دەكات بەسەر ئەو بەرپرسە توركانەی لە كردە سەربازییەكەی باكوری سوریاوە گلاون. ئەوەی بارگرژییەكانی ئاڵۆزتر كرد، ئەوە بوو‌ ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەیەكی كەمەرشكوێن، بڕیاری تایبەت بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانی پەسەند كرد كە چەندەها ساڵ بوو دەنگ لەسەردانی دواخرا بوو. 

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر