جیمی كارتەری سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بەهۆی خوێنبەربوونی مێشكەوە گەیەنرایە نەخۆشخانە

جیهان

12/11/2019‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ناوەندی كارتەر لەبەیاننامایەكدا رایگەیاند، جیمی كارتەری سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بەهۆی ئەو خوێنبەربوونی بەهۆی كەوتنییەوە لەمێشكیدا درووستبووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و پێشبینیش دەكرێت نەشتەرگەری لە سەریدا بۆ بكرێت.

ناوەندەكە راشیگەیاندووە، كە كارتەری ٩٥ ساڵ لە نەخۆشاخانەی زانكۆیی ئیموری داخڵكراوە تا ئەو پەستانەی بەهۆی خوێنبەربوونەوە كەوتووەتە سەر مێشكی سووك بكرێت.

لەئۆكتۆبەری رابردووشدا جارێكی تر كارتەر داخڵی نەخۆشخانە كرا بەهۆی ئەو شكانەی لەحەوزیدا درووستبوو، كە ئەویش هەر بەهۆی كەوتنە خوارەوەی بوو.

كارتەر لەنێوان ساڵەكانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨١ لەسەر لیستی دیموكراتەكان پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكای بەدەستەوە بووە.

چەند ساڵێك پێش ئێستا دەركەوت كە كارتەر تووشی شێرپەنجەی پێست بووە ، بۆ ئەوەش چارەسەری تیشك و كیمیایی وەرگرت ، لەساڵی ٢٠١٥ دا گوتی كە لەتەنیا چەند هەفتەیەكی تر دەژیت كە ئەوكات تەمەنی ٩٠ ساڵ بوو ، بەڵام لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٥ دا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كە ئێستا هەست بە پشوو و هێز و دڵخۆشی دەكات ، دوای ٤ مانگ لەو قسەیە رایگەیاند كە بەتەواوەتی لە نەخۆشییەكەی چاك بۆتەوە .

جیمی كارتەر بە گەورەترین سەرۆكی ئەمەریكا دادەنرێت كە ئێستا لەژیاندا بێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی