مەزڵوم كۆبانی: توركیا هانی گەڕانەوەی داعش دەدات

کوردستان

13/11/2019‌ 1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە بەڵگە و ڤیدیۆ توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی هانی گەڕانەوەی داعش و رێكخستنەوەی ریزەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دەدات، لەهەمان كاتیشدا هۆشداریداوە لەئەگەری هێرشی تیرۆریستی ڕێكخراوی داعش بۆسەر وڵاتانی رۆژئاوایی دەدات .

لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی "سكای نیوز" مەزڵوم كۆبانی دەڵێت: مەترسی گەڕانەوەی داعش گەورە و جدییە، بەشێكی زۆری خەڵك ئەوە نازانن، بەڵام ئەوە راستییە، دەستدڕیژییەكانی توركیا رووبەر و هیوای بۆ چەكدارانی داعش گێرایەوە، ئەو شارانەی سوپای توركیا چووەتە ناوی دەبنە بنكەیەك بۆ ئەوەی داعش ریزەكانی خۆی تێدا رێكبخاتەوە .

فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی هانی گەڕانەوەی داعش دەدات بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر هێزە كوردییەكان‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەریان پەڕاندبوون.

كۆبانی باسی لەوەش كردووە، كە بەڵی ئەو راستە.. ئەوە تۆمەتێكی جیدییە، چەندین بەڵگە لەبەردەستە، كە ئەوە دەسەلمێنێت و خەڵكیكی زۆریش ئەوە دەزانن .

هەرچەندە توركیا ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، بەڵام ئەو بەڵگە ڤیدیۆییانەی هەسەدە خستوویەتییە روو، لە باكووری سوریا وێنەیان گیراوە و تۆڕی سكای نیوزیش چاوی پێیان كەوتووە ئەوە دەسەلمێنێت، كە چەكدارانی داعش شانبەشانی سوپای توركیا دەجەنگن .

سەبارەت بە مەترسییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا، كۆبانی هۆشداری داوە لەوەی ئەگەری هەیە داعش هێرشێكی گەورە بكاتە سەر یەكێك لە وڵاتە رۆژئاواییەكان ، هاوشێوەی ئەوەی لە مایۆی ساڵی ٢٠١٧ كردییە سەر شاری مانشستەر ئەرینا لە بەریتانیا ، كە بەهۆیەوە ٢٢ كەس بوونە قوربانی .

لەكاتی چاوپێكەوتنەكە فرۆكەیەكی هێلیكۆپتەر بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا دەستوورایەوە ، كۆبانی گوتی " ئەوە ئەمەریكییەكانن هێشتا لێرە نەرۆیشتوون ، وەك ئەوەی ترامپ وتی.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی