بەگەڕخستنی یەكەم كامێرا لەجیهاندا بۆ چاودێریكردنی بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی لێخوڕیندا

جیهان

03/12/2019‌ 514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی شۆفێران دروست دەكات و هۆكارە بۆ ژمارەیەكی گەورەی رووداوی هاتووچۆ. 

هەر ئەوەش پاڵی بەدەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیو ساوس وێڵزی ئوسترالیا ناوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ دەست بە بەگەڕخستنی كامێرای چاودێریكردنی بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بكەن 

دەستەی گواستنەوەی ویلایەتەكە، كە شاری سیدنی گەورەترین شاری ئوسترالیای تێدایە رایگەیاندووە، یەكەم كامێرا لە جیهاندا بۆ دۆزینەوەی بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر و لەهەموو جۆرە كەشوهەوایەكدا بەگەڕخراوە .

دەستەكە راشیگەیاندووە، كە بۆ دۆزینەوەی بەكارهێنانی نایاساییانەی مۆبایل و پێداچوونەوە بەوێنەكان پشت بە زیرەكی دەستكرد دەبەسترێت.

یاسای ناوخۆیی ویلایەتی نیو ساوز وێڵز رێگە بەتەلەفۆنكردن دەدات لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بەمەرجێك بیستۆك بەكاربهێنرێت، بەڵام هەموو جۆرە بەكارهێنانەكانی تری مۆبایل وەك پەیوەندی ڤیدیۆیی و بەكارهێنانی تۆرە كۆمەڵیاتەییەكان و وێنەگرتن قەدەغەیە.

ئامارە فەرمییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لەماوەی ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٢٩ كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتۆچۆوە لەو ویلایەتەی ئوسترالیا گیانیان لەدەستداوە، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٨ ئەو ژمارەیە ٣٥٤ كەس بووە .

هاتووچۆی ویلایەتەكە ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ بەڕێژەی ٣٠٪ كەمبكاتەوە .

لەدوای بەگەڕخستنی ئەو سیستەمە سزای سەرپێچیكردن ٢٣٣ دۆلاری ئوسترالی‌و ٤٥٧ دۆلاری ئەمەریكی دەبێت، لەناوچەی بوونی خوێندنگاكانیش ٣١٠ سزای سەرپێچیكردن دۆلاری ئوسترالییە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی