ئەمریكا 750 سەربازی بەرەو عێراق جوڵاندو چوار هەزار سەربازی تریش بەرێوەیە

لە میدیاکانەوە

01/01/2020‌ 888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
وەزیری بەرگری ئەمریكا بەر لە هاتنی سەری ساڵی نوێ بە كاتی ئەمریكا، بە رۆژنامەی میلتن تایمز-ی راگەیاند، 750 سەربازی فیرقەی 80ی پەرەشوت گەیشتە وڵاتی كوەیت و 4000 سەربازی دیكەش كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەگەنه سێنكۆم  CENTCOM.

سێنكۆم (سەنتەری سەركردایەتی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست - عێراق و وڵاتانی كەندا و میسر و سوریا و ئەفغانستان)، كە یەكێكە لەو 11 سەنتەرە شەڕكەرەی ئەمریكا لە جیهان هەیەتی.

بەبڕیاری سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكاش بڕیاردرا بەبڵاوەپێكردنی كەتیبەی پیادەی هێزی پەرچەكرداری ئامادە  (IRF)ی سەر بە فیرقەی پەرەشوت لەكوەیت وەك پەرچەكردارێك بەرانبەر دواین رووداوەكانی عێراق. 

بۆ ئەو مەبەستەش ئێوارەی درەنگانی رۆژی 31ی دیسێمبەر، 100 مارێنزی لەوڵاتی كوەیت-ەوە رەوانەی باڵێۆزخانەی ئەمریكا كرد لەبەغدا، لەهەمانكاتدا وەزیری بەرگری ئەمریكا راگەیاند، 2000 مارێنزی دیكە رەوانەی عێراق دەكرێت.

دوابەدوای ئەم لێدوانە پێدەچێت لەلایەن شەقامی ئەمریكییەوە فشار لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ھەبێت، بۆیە مایك ئیسپر وەزیری بەرگری ئەمریكا درەنگانی شەوی ٣١ی دیسێمبەر وتی: "راستەوخۆ 750 سەرباز گەیشتە كوەیت و لە كۆتایی چەند رۆژی داهاتوودا چەند فیرقەیەكی تریش رەوانەی ناوچەكە دەكرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بەهۆی رەفتارە خراپەكانی ئێرانەوە، 14 هەزار سەرباز رەوانەی ناوچەكە كراوە و 4000 سەربازی تر رۆژی ٣١ی دیسێمبەر بەرێكەوتووە.

فیرقەی 80ی پەرەشوت فیرقەیەكی پیادەی پەرەشوتە، تایبەتە بەئۆپەراسیۆنی دابەزین بەو شوێنانەی، كە دوژمنی لێیە یاخود لە قووڵایی خاكی دوژمندایە، یەكێك لە ئۆپەراسیۆنە گەورەكانی، كە فیرقەی 80ی پەرەشوت بەشداری تێدا كرد دابەزین بوو بۆ ناو خاكی فەرەنسا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا و پشتەوەی بەرەكانی شەڕی لە هێزەكانی ئەڵمانیا گرت.

لەلایەكی دیكەوە مایك لهۆرن وتەبێژ بەناوی سەركردایەتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە رۆژنامەی نیویۆرك دەیلی نیوز-ی راگەیاندووە، ئەو 100 مارێنزە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و بە رەزامەندی هێزەكانی ئاسایشی عێراق دابەزیونەتە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بڕیاریشە بە بەردەوامی دوو كۆپتەری هێرشبەری ئاپاچی چاودێری باڵیۆزخانەكە بكەن.

هەروەها وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە نەتوانراوە میلیشیاكان بگەنە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بەهیچ شێوەیەكیش بە نیاز نین باڵیۆزخانەكە چۆڵ بكەین. 

وتیشی: "ئێمە بە ئاشكرا وتوومانە ئەمریكا پارێزگاری لە هاووڵاتییەكی ئاسایی خۆی ئەكات، كە لە عێراق كاردەكات بۆ عێراقییەكان، كە دەیانەوێت عێراق بە سەروەریی و سەربەخۆیی بژی، چاودێری دۆخی عێراقیش دەكەین و داوا لە حكومەتی بەغداش دەكەین پارێزگاری لەدامەزراوە دیپلۆماتییەكان بكات بەپێی ئەو پابەندبوونەی هەیەتی".

نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە 31ی دیسێمبەر، ژمارەیەك خۆپیشاندەر، كە لایەنگری میلیشیاكانی سەر بەئێران بوون هەڵیانكۆتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا بڕیاری پڕ سەربازكردنی عێراق و دەوەروبەری ئێران بدات.

هەڵكوتانە سەر باڵیۆزی ئەمریكا لەدوای ئەو هێرشەی ئەمریكا دێت، كە ئێوارەی 29 دیسێمبەر بە فرۆكەی ئێف 15 كردییە سەر پێنج بنكەی حیزبوڵڵا –ی سەر بەحەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا 25 چەكدار كوژران كە 4 یان سەركردەی حزبوڵڵا – ن و لەنێو كوژراوەكانی تریشدا 3 ئەفسەی ئێرانی هەیە.