كوشتنی قاسم سلێمانی‌و كۆتایی شەڕی ساردی نێوان ئەمریكاو ئێران

ڕاپۆرت

04/01/2020‌ 1759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێدانەكەی ئەمریكا، كە بووە هۆی كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و دووەم پیاوی گرنگی ئەو وڵاتە، لەوە گەورەترە چاوەڕێی دەكەین، بۆیە بێدەنگی تاران لەو ڕووداوە سەخت‌و دژوارە -لە سایەی لێدوانەكانی گەورە بەرپرسانی ئێراندا-، كە  توانستی سەربازی ئەو وڵاتە لەم ڕووداوەدا دەردەخات.

ئەو لێدانەی ئەمریكی توانستەكانی ئیران ئەزموون دەكات، لێدانەكە بۆ كەسایەتییەكی گرنگ بوو، چونكە سلێمانی سەرۆكایەتی ئەو دەزگایە دەكات، كە دەبێت ئیسڕائیل بە ئامانج بگرێت و قودس ڕزگار بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەقڵە تەگبیرسازەكەو سەركردە مەیدانییەكەی باڵەكانی ئێرانە لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، واتە سەرەنێزەی هەر پڕۆژەیەكی هەناردەكردنی شۆڕش و توانادانە بە ئێران لە ناوچەكە.

لێدانەكە تەنیا گوزارە لەزەوق و سەلیقەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا ناكات، هەروەك قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئاماژەكانیش دەڵێن ئاراستەی ئەمریكا سەبارەت بە هەژموونی ئێرانی لە عێراق گۆڕانی تێكەوتووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بوونی ئەمریكای لە عێراق بە ئامانج گرت، كە هێرش كردە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەسڕە و باڵوێزخانەكەی لە بەغدا، ئەمەش‌ وای دەرخست ئێران گەیشتووەتە ڕادەی هاوسەنگی هێز لەگەڵ ئەمریكادا.

ڕووداوەكە دوژمنایەتییە ساردوسڕەكەی هەردوولا گەرمتر دەكات، كە لە ساڵی 2001 وە هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان هەردوولادا هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان و دواتریش داگیركاری عێراق لە لایەن ئەمریكاوە، كە  واتای دانپێدانانی هاوبەشی هەردوولایە بە بەرژەوەندییەكانی یەكتری‌.

ئەو دوژمنكارییە ساردوسڕە گەرمتر بوو، كاتێك تاران ویستی لە ڕێگەی گروپە چەكدارەكانییەوە لە عراق، بەسەر هەژموونی ئەمریكادا زاڵ بێت لەو بنكانەی لە ناوچە كوردییەكان و سونییەكاندا هەنی، دواتریش هەوڵدان بۆ دەرپەڕاندنی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچانەدا.

كۆتایی دوژمنكارییە ساردوسڕەكە
ئەم لێدانەی ئەمریكا كۆتایی بە جەنگە ساردەكەی نێوان واشنتۆن و تاران هێنا لەعێراقدا، بەمەش‌ پەیوەندییەكەیان‌ چووە دۆخێكی تازەوە، لەگەڵ پاراستنی هێڵە سوورەكانی نێوان هەردوولا، كە هاوسەنگی هێزە دەیانسەپێنێت، چونكە ئێران پێیوایە بەرەنگاربوونەوەی بەرفراوان لەگەڵ ئەمریكادا ئەو هەژموونە هەرێمییە جۆرییەی لەناو دەبات، كە بەدەستیهێناوە لە ڕێگەی دانپێدانان بە هەژموونی ئەمریكا لە ناوچەكە و بەردەوامبوون لەسەر ستراتیژیەتی بەشكردنی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ واشنتۆندا.

ئێران نەیدەتوانی بەم شێوە لەیەمەن پێشكەوێت، ئەگەر ئەمریكا پەتەكەی بۆ شل نەكردایە، ئەمە لە سەردەمی ئۆباماوە دەستی پێكرد و لە سەردەمی ترامپیشدا درێژەی هەبوو، سەرباری ئەوەش ئێران كەشتییەكانی نەوت و دامەزراوەكانی ئارامكۆی بە ئامانجگرت، كە لێدانێكی جەرگبڕ بوو بۆ توانستی ئەمریكا لە پاراستنی و بەرژەوەندی و ئازادی كەشتیڕانی هاوپەیمانەكانی، ئەزموونكردنی توانستی واشنتۆن بوو لە دەمكوتكردنی ستراتیژی فراوانخوازی تاران  و داگیركردنی ڕووبەرێكی فراوان لە ناوچەكە بە هۆی لاوازی هاوسەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە و هاتنەناوەوەی سەربازی ڕوسیا و توركیا بۆ ناوی دۆسییەی سوریا، لەو نێوانەشدا ئەمریكییەكان تەماشاكەر بوون.

سەرباری هەڕەشەكانی خامەنەئی موڕشیدی باڵای ئێران بە تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی سلێمانی، كەچی سنووری وەڵامدانەوەی ئێران زۆر سنووردارە، ئەمەش‌ لەبەر چەند هۆكارێك وەك: ئێران لەدۆخێكی زۆر سەختدایە بە هۆی سزا ئابوورییە توندەكانەوە، كە ئەمریكا بەسەر كەرتەكانی نەوت و بانكییەكایدا سەپاندوونی، ئەمەش‌ زیانی ملیارەها دۆلاری لە ئێران داوە، كە دەیتوانی بۆ برەودان بە توانستە سەربازییەكانی و هاریكاری باڵەكانی لە ناوچەكە بیانخاتەگەڕ.

وەڵامدانەوە سنوردارەكە
سزا ئابوورییەكان ئێرانیان تووشی دۆخێكی كۆمەڵایەتی دژوار كردووە، ئەمەش لە خۆپێشاندانەكانی خەڵكی ئێراندا بەرجەستە دەبێت، كە ساڵانە تازە دەبنەوە، بۆیە هەر هەڵكشانێك نێوان تاران‌و واشنتۆن، بازنەی توڕەیی جەماوەری ئێرانییەكان بەرفراوانتر دەكات، لەوانەشە لەئایندەدا ببێتە هۆی ڕاپەرێنێك و هەڕەشە لە سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران بكات.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانیش لەسەر زاری خامەنەئییەوە بڵاویكردەوە، كوشتنی قاسم سلێمانی پاڵنەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئێران دژ بە ئەمریكا و ئیسڕائیل فراوانتر دەكەن.

بۆیە وا باوەڕ دەكرێت وەڵامدانەوەی ئێران هەڵكشانێكی سنووردار بێت و چەند بنكەیەكی ئەمریكا لە عێراق،  یان كەشتییە ئەمریكییەكان یان گوێزەرەوە نەوتییەكانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بە ئامانج بگرێت، واشی نیشان بدات ئەو وڵامدانەوەیە سەركەوتنە بۆ ئێران و دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە.

عێراق گۆڕەپانی یەكەمی وەڵامدانەوەكانی ئێران دەبێت
ئێران ترسی ئەوەی‌ هەیە، كە هەر بەرەنگاربوونەوەیەك لەگەڵ واشنتۆن لە عێراق هێڵە سورەكان ببەزێنێت و پێگە ئەتۆمییەكانی بەئامانج بگیرێن، كە بەلای ئەمریكا و ئیسڕائیلەوە شوێنیان دیارە، هەر لێدانێكی جۆریش لەو پێگانە لەوانەیە یەكێك لەو كارتانەی ئێران بسوتێنێت، كە دانوستانیان پێدەكات، واتە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

كوشتنی سلێمانی واتای ئەوەیە‌ قۆناغی پێكدادانی ساردی نێوان هەردوولا گۆڕاوە بۆ پێكدادانی ئاشكرا، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەو پێكدادانە زیان بە هاوسەنگییەكانی نێوان هەردوولا بگەیەنێت لە عێراقدا، تەنیا پەیامێكی ئەمریكایە، كە واشنتۆن بە ڕۆڵێكی لاوەكی ڕازی نابێت لە عێراق.

عێراق گۆڕەپانە ‌سەرەكییەكەی جەنگە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان هەردوولایە، لەوانەیە ئەمریكا گورجی دیكەش لەسەركردەكانی حەشدی بوەشێنیت، كە گۆمانیان لەسەرە بەشداری هێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكایان كردبێت و كارئاسانیان بۆ كردبێت.

لێدوانەكانی سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق  واینیشان دەدەن لەوانەیە كاردانەوەكان لێدانی بنكەی كەیوانی ئەمریكییەكان بێت لە كەركوك بە هۆی موشەكەوە، یان لێدانی بنكەكانی ئەمریكا لە دەوروبەری بەغدا، یان هەرێمی كوردستان یان ناوچە سونییەكان، ئامانجیش گەیاندنی زیانێكی سیمبولییە بە بوونی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەمەش‌ بۆ ڕازیكردنی بنكە جەماوەرییە شیعییەكەیە، كە توڕەن لە كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس.

هەنگاوێكی لەم جۆرە ئاسانە بۆ ئێران، چونكە ئەمریكا دبلۆمتكار و هاووڵاتییانی خۆی لە عێراق كێشاونەوە، دەكرێت ئێران، یان میلیشیا شێعەكانی عێراق ئەوە بكەن و بە كارێكی پاڵەوانبازیشی لە قەڵەم بدەن، واتە لێدانی ئەو بنكە سەربازییانەی خاڵین لەسەرباز، یان پێگە دبلۆماسییە چۆڵكراوەكان، بە تایبەتیش كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەسڕە.

یاریگا گرنگەكەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا لە عێراق پەرلەمان دەبێت، ئەوە ئەگەر ئێران و هێزە پاشكۆكانی لە عێراق بتوانن ئەو یاسایە تیپەرێنن، كە داوای وەدەرنانی ئەمریكییەكان دەكات لە عێراق، ئەو وەڵامدانەوەیەش بەسە لە بەرامبەر كوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا، ئامانجێك دەپێكێت كە لەم مانكانەی پێشوودا سەخت و دژوار بوو.
 
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و قەیس غەزعەلی  سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی هەق داوایان كردووە، كە ‌ هێزە نیشتمانییەكان یەكگرتووبن و هێزە بیانییەكان لە عێراق بكەنەدەرەوە، ئەمەش‌ هەوڵێكە بۆ داڕنینی شەرعیەتی یاسایی لە بوونی ئەمریكییەكان لە عێراق.

بە ئامانجگرتنی ئیسڕائیل 
ستراتیژییەتی ئێران بەندە لەسەر جوڵاندنی باڵەكانی لە ناوچەكە، بەتایبەتیش حزبوڵای لوبنانی و هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهاد لەفەڵەستین بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی ئیسڕائیل، بەمەش بەرپرسە ئێرانییەكان پەیام بۆ ئەمریكا دەنێرن كە خاوەنی كارتی فشارن و دەتوانن هەڕەشە لە بەرژەوەندی ئەمریكا و ئیسڕائیلی هاوپەیمانی بكەن.

بەڵام وەڵامدانەوەیەكی لەم جۆرە، بە تایبەتیش لە دوای لێدوانەكانی حەسەن نەسروڵا كە داوای كرد تۆڵەی قاسم سولەیمانی بكرێتەوە، ئامانجی پێچەوانەی لێ دەكەونەوە و ئێران دەخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ كە چەندەها ساڵە خۆی لێ دەپارێزێت، لە سوریاش چەندەها جار ئیسڕائیل بوونی ئێرانی بە ئامانج گرت و تارانیش ووڵامێكی ئەوتۆی نەبوو.

چاودێران دەڵێن هەر هێرشێكی موشەكی حزبوڵا یان حەماس یان جیهاد لە بەرامبەر كوشتنی سولەیمانیدا ، پاساو دەداتە دەست تەلئەبیب بۆ ووڵامدانەوەیەكی توند.

هەر هێرشێكی حزبوڵاش بۆ سەر ئیسڕائیل، توڕەیی ناوخۆیی لوبنانی لێدەكەوێتەوە، تەنانەت لە لایەن هاوپەیمانە مەسیحییەكانیشییەوە، لوبنان بە هەموو شێوەیەك كۆشش دەكات حكومەتێك پێكبێنێت كە توانای چاكسازی بە پەلەی هەبێت تاوەكو شەقامی خۆپێشاندەی پێ ڕازی بكات كە لە ئێستادا كۆنتڕۆڵكردنی سەخت و دژوارە، بە تایبەتیش كە دوا خۆپێشاندانەكان سیستەمی سیاسی تایەفی لەكارخست كە ژینگە لە بارەكەی نەشونماكردنی لایەنگرانی ئێران بوو لە لوبنان.

هێرشێكی لەم جۆرەی حزبوڵای لوبنانی توڕەیی جەماوەری لێدەكەوێتەوە و هەنگاوەكانی لەكارخستنی حكومەتە تایەفییەكە خێراتر دەكات كە لوبنان لە كێشەی دەرەكییەوە دەگلێنێت چ لە سوریا یان دژی ئیسڕائیل، ئەمەش كاردانەوەیەكی توندی ئیسڕائیلی لێدەكەوێتەوه هەروەك تەلئەبیب لە ساڵی 2006 دژ بە لوبنان ئەنجامیدا.
 
ئێران لە ڕێگەی‌ حوسییەكانی یەمەنیشەوە دەتوانی تۆڵە لە  ئەمریكا بكاتەوە، چونكە حوسییەكان لە ئێستادا هەڕەشە لە كەشتیڕانی دەریای سور دەكەن.

لەوانەی حوسییەكان چەند ئامانجێكی ئەمریكی بە ئامانج بگرن وەك كەشتی نەوتهەڵگر یان هاوپەیمانە ئەمریكییەكان و نانەوەی پشێوی لە ناوچەكە. لە دوای كوشتنی سولەیمانیش حوسییەكان داویا تۆڵەكردنەوەیان كرد.

محمەمەد عەلی حوسیش كە باڵە سەربازییەكەی حوسییەكان لە تویتێكدا ووتی كوشتنی قاسم سولەیمانی جێگەی ناڕەزایی توندی ئێمەیە، بۆیە ووڵامدانەوەیەكی خێرا و بە پەلە دژ بە بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بژاردە و چارەسەرە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر