كۆبوونەوەی "ڤێللا بەغدا".. وردەكاری پلانی سلێمانی دژ بە هێزە ئەمەریكییەكان

ڕاپۆرت

05/01/2020‌ 2773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی رۆیتەرز وردەكاری پلانێكی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بۆ پەلاماردانی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق ئاشكرا كردووە .

ئاژانسەكە لەسەر زاری سەركردەی میلیشیا شیعییەكان و دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقی گواستوویەتییەوە، كە قاسم سلێمانی لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس و چەند سەركردەیەكی میلیشیا شیعییە عێراقییەكانی لایەنگری ئێران كۆبووەتەوە و تێیدا فەرمانی پێكردوون لەڕێگای  چەكی پێشكەوتووی ئێرانییەوە هێرش بكەنە سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا لەعێراق .

رۆیتەرز بڵاویشیكردەوە، كە كۆبوونەوەكەش لەناوەراستی مانگی ئۆكتۆبەر و لە ڤێللایەكی سەر رووباری دیجلەدا كراوە، كە بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكادا دەڕوانێت، ئەوەش هاوكات بووە لەگەڵ زیادبوونی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان لەبەغدا، كە بەشێكیان دژ بە هەژموون و باڵادەستی ئێران بوون بەسەر عێراقدا .

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانەی ئاگاداری وردەكاری كۆبوونەوەكە بوون، پلانی قاسم سلێمانی لەو دانیشتنە ستراتیژییەدا بریتییە لەوروژاندنی پەرچەكردارێكی سەربازی ئەمەریكی بەشێوەیەك نارەزایەتییەكان روو لەئەمەریكا بكەن .

ئاژانسەكە باسی لەوەش كردووە، كە دوو هەفتە پێش كۆبوونەوەكە جەنەراڵ قاسم سلێمانی فەرمانی بە سوپای پاسداران كردووە لەڕێگای دوو دەروازەی سنوورییەوە چەكی پێشكەوتوو بۆ عێراق بگوازنەوە، كە لەناو ئەو چەكانەدا مووشەكی كاتیۆشاو موشەكی دژە هێلیكۆپتەر، كە لەسەر شان هەڵدەگیرێت .

لەكۆبوونەوەی ڤێلاكەی بەغدا سلێمانی داوای لەئامادەبووان كردووە چەند میلیشیایەكی نوێ دروست بكەن، كە بەلای ئەمەریكییەكانەوە ناسراو نەبن بۆ ئەوەی هێرشی موشەكی بكەنە سەر ئەمەریكییەكان لە بنكە سەربازییەكانی عێراقدا، بۆ ئەوەش كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، كە بەشێكە لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی راسپێردراوە سەرپەرشتی پلانەكە بكات .

رۆیتەرز هەروەها رایگەیاندووە، پێش هێرشەكانی ئەمدواییە، هەواڵگری ئەمەریكا پێیوابووە، سلێمانی گەیشتووەتە ئاستێكی پێشكەوتوو لە پلاندانان بۆ هێرشكردنە سەر ئەمەریكییەكان لە چەندین وڵات، وەك عێراق، سوریا، لوبنان .

بۆ ئەوەش رۆبەرت ئۆبراین راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رایگەیاند، سلێمانی پێش كوشتنی ، لە دیمەشق پلانی بۆ هێرشكردنە سەر سەرباز و فرۆكەوان و هێزی دەریایی و دەریاوان و دیبلۆماتكارە ئەمەریكییەكان داناوە.

هەروەها سەركردەی یەكێك لە میلیشیا شیعییەكان بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، كە بۆیە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بۆ جێبەجێكردنی پلانی هێرشكردنە سەر ئەمەریكییەكان دەستنیشانكراوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەتوانن فرۆكەی بێفرۆكەوان بۆ دۆزینەوەی ئامانجە گریمانكراوەكان بەكاربهێنن تاو دواتر لەڕێگای مووشەكەوە هێرشی بكرێتەسەر .

لەناو ئەو چەكانەی پایزی رابردوو سلێمانی بۆ میلیشیاكانی رەوانە كردووە، فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانە، كە ئێران پەرەی پێداوە و رادار ناتوانێت بیدۆزێتەوە، ئەو فرۆكەیەش لەلایەن حیزبوڵڵای عێراقییەوە بەكارهێنراوە بۆ گرتنی وێنەی ئاسمانی پێگەكانی ئەمەریكا لە عێراق .

لە ١١ی دیسەمەبەر و لەدوای هێرشكردنە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكییەكان لەنزیك فرۆكەخانەی بەغدا، كە بەهۆیەوە پێنج سەربازی ئەمەریكی بریندار بوون، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە هێرشی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دژ بە ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق زیادیان كردووە .

هەرچەندە هیچ لایەنێك بەرپرسیاری خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاند، بەڵام بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی وتی: بەپێی شیكردنەوە هەواڵگرییەكان و شیكردنەوەی تاوانكاری بۆ موشەكەكان دەركەوتووە میلیشیا شیعییەكانی لایەنگری ئێران ئەو كارەیان كردووە .

لە ٢٧ی دیسەمبەریش ٣٠ موشەك ئاراستەی بنكەی سەربازی كەی وەن لە كەركووك كرا، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمەریكی كوژراو چوار سەربازی ئەمەریكی و دوو سەربازی عێراقیش بریندار بوون .

چەند كاتژمێرێكیش پێش پرۆسەی كوشتنی قاسم سلێمانی، مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، ئەوان لەپێناو پاراستنی ئەمەریكییەكان لە هێرشەكانی ئێران ڕێوشوێنی دەستپێشخەرانە دەگرنەبەرو جەختیكردەوە، كە "یارییەكە گۆڕاوە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی