پۆتین دوای كوشتنی قاسم سلێمانی "هاوڕێیەكی بەوەفا"ی لەدەستدا

مەلەفی تایبەت

08/01/2020‌ 2534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێكی تایبەتی ئاژانسی "رۆیتەرز"، لەكاتی دیدارێكی نهێنی نێوان قاسم سلێمانی و ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا لە ٢٤ی یۆلۆی ٢٠١٥ لە كۆشكی كریملین، سەرۆكی روسیا بە "هاوڕێم سلێمانی" بانگی جەنەراڵە ئێرانییەكەی كردووە.

كاتی ئەو دیدارە ڕژێمی بەشار ئەسەد لەلێواری رووخاندابوو، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، كە رۆژی هەینی رابردوو لەئۆپەراسیۆنێكی سوپای ئەمریكا كوژرا، هیوای وابوو بەسەردانە نهێنییەكەی بۆ روسیا، بڕوا بە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا بنهێنێت دەستتێوەردانی سەربازی لە سوریادا بكات .

لەسەر مێزی كۆبوونەوەكە سلێمانی نەخشەیەكی خستە بەردەم پۆتین و تێیدا ئەوەی روونكردەوە، كە چۆن دەكرێت دۆخی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لەشكستەوە بەرەو سەركەوتن بگۆڕدرێت .

بەڵام راوێژكارەكانی پۆتین نارەزاییەتیان بەرانبەر بە پلانەكە پیشاندا، لەبەرانبەردا قاسم سلێمانی گەرەنتی ئەوەیدا هەموو كارتەكان تێكەڵ دەكاتەوە و هێشتا لەسوریا هەموو شتەكان لەدەست دەرنەچوون .

دوای دوو مانگ لەو كۆبوونەوەیە ئەنجوومەنی دۆمای روسیا رەزامەندی نیشاندا لەسەر رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ سوریا ، لەگەڵ ئەوەی قاسم سلێمانی قەدەغەی نێودەوڵەتی گەشتكردنی لەسەر بوو، بەڵام ئەو نێردراوی تایبەتی خامنەیی بوو بۆ دروستكردنی هەماهەنگییە سەربازییەكان و لەنێوان تاران و بەغدا و دیمەشق لە هاتووچۆدا بوو.
 
لەمانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٥  ، جارێكی تر قاسم سلێمانی سەردانی مۆسكۆی كردەوە و ماوەی سێ رۆژ لەو وڵاتە ماوەیەوەو لەمیانی چاوپێكەوتنی بە ڤلادیمێر پۆتین تێید باسیان لەگۆرانكارییە مەیدانییەكانی سوریا كرد .

پەیوەندییەكانی ئەو دوو كەسە بەهێزتر بوو كاتێك قاسم سلێمانی بەڵێنێكی پێشووتری بۆ روسەكان بردە سەر، ئەویش ئەوكاتەی توركەكان فرۆكەیەكی روسیایان لە ئاسمانی سوریا خستە خوارەوە.
 
ئەوە بوو، كە سلێمانی پەیوەندی بە روسەكانەوە كردو بەڵێنی ئەوەی پێدان پێش ئەوەی توركەكان یان گروپە چەكدارەكان بیگەنێ، ئەوان فڕۆكەوانە روسەكە دەرباز دەكەن و بە زیندوویی بەتەندرووستییەكی باشەوە دەگێرنەوە بۆ مۆسكۆ .

بەڕای تۆ پۆتین چۆن وەڵامی كوشتنی قاسم سلێمانی دەداتەوە؟ 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی