لیبیای دوای شۆڕش.. وڵاتێك لەژێر دەستی گروپە چەكدارییەكان

ڕاپۆرت

12/01/2020‌ 1162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە دوای بەرپابوونی بەهاری عەرەبی لەپایتەختی چەند دەوڵەتێكی عەرەبی، ڕەووتە چەكدارییەكان و بزووتنەوە جیهادییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەیان كرد، دەركەوتنە بەهێزەكەیان جۆرێك بوو لە تێكچوونی باری سیاسی و هەڵگەڕانەوەیەكی ئەمنی لەو وڵاتانە.

ئەو گروپە چەكدارییانە ئامانجیان پەراوێزخستنی دەوڵەت بوو، بەو ئامانجەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لێ بستێنن و نەخشەیەكی تازەی تەواو پێچەوانە ڕەنگڕێژ بكەن، كە چەند میلیشیاییەك و دەوڵەتی تایەفی بەرێوەیبەرن و وڵات بگلێنە ناو بازنەی توندوتیژی كوشت‌و كوشتار و ململانێی ناوچەگەری و بەرەیی.

بۆ ئەوەی ئەو ڕێكخراوانە بتوانن هەژموون و سنووری جوگرافی و قەڵەمڕەوویان خۆیان فراوان بكەن، دەبوو چەند ڕۆڵێكی نادیار و شاراوە بگێڕن بۆ چەند ڕژیمێكی هەرێمی، كە پارە و چەكی پێدەدان.

لیبیا یەكێك لەو دەوڵەتانەی ئەو دیاردەیە تێیدا سەریهەڵدا، توندڕەووی و دەمارگیری، پشێوی سیاسی و ئەمنی، سەرەتای كاری جیهادییەكانیش لەلیبیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان، كاتێك ژمارەیەك ئەندامی كۆمەڵەی جیهادی ئیسلامی چوونە ڕێزەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لەئەفغانستان بۆ دژایەتیكردنی یەكێتی سۆڤییەت، سەربازگەی نیشتمانی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای لیبیا یەكێك بوو لەو سەربازگانەی ڕێكخراوی قاعیدە و لقەكانی بەكاریاندەهێنا لەباكووری ئەفریقا، هەروەها سەربازگەكانی دیكەش لە مسڕاتە و بەنغازی و چیای سەوز.

دوای هەرەسهێنانی ڕژێمەكەی قەزافی لە 17 ی شوباتی 2011، ئەو گروپە چەكدارانە سوودیان لەو درز و كەلێنانە وەرگرت، كە تووشی دەسەڵات هات، هەندێك لەو گروپە ‌ئیسلامییانە لەناوچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆئاوای لیبیا جێگیربوون، هەندێكی دیكەش لەباشوور، لە شاری "درنە"ش كەتیبەی عوقبەی كوڕی نافع جێگربوون، كەتیبەی "ئەنسارێ شەریعە" ش خاوەن هەژ‌موون بوون لەبەنغازی. 

بەم شێوەیە شارەكانی لیبیا بوونە لانەیەكی گەرم و ئارامی ڕێكخراوە چەكدار و جیهادییەكان، ئەمە سەرباری بوونی گروپە توندڕەووەكان، كە لە ژێر چەند ناوێكی جیاواز و بۆ چەند مەبەستێكی جیاواز دەركەوتن، كە ئاگری ناكۆكییە چەكدارییەكانی خۆشتر كرد، چ دژ بە دەوڵەت و سوپای لیبیا یاخود لە نێوان خودی ئەو گروپە ئیسلامییانەدا، بە تایبەتیش دوای پێكهێنانی پەرلەمانی ڕۆژهەڵات و حكومەتەمەی كە پشتیوانی خەلیفە حەفتەر بوون.

گروپی ئەنساڕ ئەلشەریعە
لە مایۆی 2012 لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتیش بەنیغازی و بەیزا دامەزرا، چەند گروپێیكان چوونە درنە و سرت، هێندەی پێنەچوو چوونە ڕێزەكانی داعشەوە.

گروپەكە هزری سەلەفی جیهادییان هەڵگرتووە و پەیوەندییەكی بە هێزیان بەسەلەفییەكانی لیبیا و قاعیدەوە هەیە، لەدوای ساڵی 2012  ئەندام و سەركردەكانی بەشداربوون لەشەری دژ بە كەتیبەكانی قەزافی، چەند چەكدارێكی بیانیشیان تێدایە لەمەغریبی عەرەبی و چەند دەوڵەتێكی ئەفریقی.

ئەو گروپە دان بەپڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسیدا نانێن، ڕێكخراوە عەلمانی و نیشتمانی و نەتەوەییەكان بەكافر دەزانن و داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی دەكەن بەگوێرەی دیدگا و بۆچوونی خۆیان، پێیان وایە جیهادی چەكداری دژ بە دەسەڵات و حكومەت تاكە ڕێگەی پراكتیزەكردنی شەریعەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییە.

ئامانجی گروپەكە حوكمڕانی شەریعەتی ئیسلامییە لە لیبیا، لە چەندەها كردەی تیرۆرەوە گلاوە، دیاترینیان بەئامانج گرتنی كونسوڵخانەی ئەمریكی بوو لە بەنیغازی لە ساڵی 2012، كە بووە هۆی كوژرانی باڵوێز و سێ ئەمریكی دیكە. 

چەندەها شەڕی دژ بەسوپاس لیبیا بە‌سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر بەرپاكردووە، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان خستییانە لیستی تیرۆرەوە، لەو ماوەی پێشووش، لەبەرئە‌وەی زیانی زۆری لێكەوت، خۆی هەڵوەشاندەوە.

كەتیبەكانی "بوسلیم" لەدرنە
لە درنە بە سەرۆكایەتی سالم دربی، كە لە ئەفغانستان گەڕابووەو سوفیان بن قمو (پێشتر لە گوانتانامۆ بەندكراو بوو) دامەزرا، دیموكراسی و هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، ڕێگەیان لەهاووڵاتییان گرت بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، داوایان لێكردن حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامی قبوڵ بكەن، كەتیبەیەكی چەكدارییان بە ناوی (ئەنجوومەنی گەنجانی ئیسلام) پێكهێنا و كەوتنە شەڕەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە ساڵی 2015 داعشیان بەزاند و شارەكەیان لێ پاككردنەوە.

گروپی "قەلغانی لیبیا 
بالێكی سەربازی ئیخوان موسلمینە و لە شاری مسڕاتە جێگیرن، سێ لیوای سەرەكیان هەیە: (لیوای قەلغانی ناوچەی ناوەڕاست)، كە بارەگاكەی لە مسڕاتەیە، لیوای ناوچەی ڕۆژهەڵات لەبەنغازی، لیوای ناوچەی رۆژئاوا لە هەردووشاری خمس و تەڕابلوس. 

ئەوان دەڵێن، كە هێزێكی نیزامین و سەر بە وەزارەتی بەرگری لیبیان، بەڵام فەرماندەكانیان سەر بە دامەزراوەی سەربازی فەرمی نین.

لە تەمووزی 2014 و لە مانگی ڕەمەزندا، یەكێك لەلیواكانی بە فەرماندەیی وسام بن حەمەد و بە هاوكاری ڕێكخراوی ئەنساڕی شەریعە، هێرشیان كردە سەر سەربازگەی هێزە تایبەتەكانی لیبیا لەشاری بەنغازی، كە سەدەها كوژراو برینداری لێكەوتەوە و سەدەها مەدەنیش بوونە قوربانی، ئەمەش‌ بە هۆی  تۆپباران و بەكارهێنانی موشەكی گرادەوە، كە دژ بە هێزە سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی بەكاریانهێنا.

كەتیبەی فاروق
یەكێكە لە كەتیبەكانی قاعیدە و بەشێوەیەكی سەرەكی لە میسڕاتەیە، دژ بە سوپاس لیبیا جەنگاوە،بەیعەتی بە ڕێكخراوی داعش داوە، بەڵام زوو بە زوو لە بەیعەتەكەی پەشیمان بووەوە، بەمەش داعش یەكێك لە فەرماندەكانی كوشت.

كەتیبەی 17 ی فبرایەر 
دیارترین كەتیبەكانی سەر بە ئیخوان موسلمینە و بارەگاكەی‌ لەبەنغازیییە و لە یەكێك لە بارەگاكانی سوپاس نیزامیدا جێگیرە لەناوچەی قاریۆس. 

ژمارەیەكی زۆر چەكداری هەن و خاوەن توانستی سەربازی بەهێزەو لە 12 سریە پێكدێت، چەند چەكێكی سوك قورسی و چەند بنەكەیەكی مەشق و ڕاهێنانیشی هەن.

كۆمەڵی لیبیای جەنگاوەر
ڕێكخراوێكی سەلەفی جیهادییە، ئەو گەنجە لیبیانە دایانمەزراند، كە لە دوای بەشدارییان لە جەنگی ئەفغانستانی دژ بە یەكێتی سۆڤییەت گەڕانەوە لیبیا، لە نەوەدانی سەدەی ڕابردوو، چەندەها كاری تیرۆرستی دژ بەشوێنی مەدەنی ئەنجامداون لە لیبیا بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕژێمەكەی قەزافی، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و ڕژێمی ئەوسای لیبیا ژمارەیەكی زۆری لێ دەستگیركردن، لە ساڵی 2009 بەخۆداچوونەوەیان كرد بۆ هزر و بیری خۆیان و لە كردە توندوتیژییەكان پەشیمان بوونەوە، بۆیە گیراوەكانیان ئازادكران، بەڵام ‌ بە هۆی عەبدولحەكیم بلحاجەوە دووباره گەڕانەوەسەر ڕێچكەی پێشوویان، بلحاج سەركردەی ئەنجومەنی سەربازی تەڕابلوس بوو كاتێك ڕاپەڕینی 17 فبرایەری 2011 دەستیپێكرد.

ڕێكخراوی موجاهیدینی لیبیا
لەبەیاننامەیەكی دەنگیدا بەیعەتیان بەداعشدا، لە سێ ویلایەت جێگیرە: (بەرقە و فەزان و تەڕابلوس)، درنەشی وەك ئیماڕەتێكی ئیسلامی ڕاگەیاند، كە پێگەی گروپە ئیسلامییەكان بووە وەك داعش و ئیخوان و قاعیدە، چونكە پێگەی جوگرافیان لەمیسر نزیكە، سوپای میسر چەند گورزێكی لێوەشاندن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە 21 میسری قیبتی لەسەر لێواری ئاوەكانی لیبیا لە سێدارەدان.

سەرچاوە: حەفریات
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر