روسیا رەتیدەكاتەوە ئەمەریكییەكان لەرۆژئاوای كوردستان ڕێگریان لەتیمە سەربازییەكانی ئەوان كردبێت

کوردستان

16/01/2020‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی بەرگری روسیا رەتیكردەوە، كە هێزەكانی ئەمەریكا لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان ڕێگریان لەتیمێكی گەڕۆكی هێزەكانی روسیا كردبێت .

یوری بۆرینكۆڤ سەرۆكی ناوەندی روسی بۆ ئاشتەوایی لە سوریا، كە سەر بە وەزارەتی بەرگری روسیایە  وتی: بانگەشەی هەندێك سەرچاوەی ئەلیكترۆنی بیانی بەوەی تیمێكی گەڕۆكی هێزەكانی روسیا لە پارێزگای حەسەكە لەلایەن یەكەیەكی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكاوە ڕێگریان لێكراوە دوورە لەراستییەوە.

بۆرینكۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كەناڵی پەیوەندی بەردەوامی نێوان فەرماندەی هێزەكانی روسیا لە سوریا و ناوەندی پرۆسەكانی هێزەكانی ئەمەریكا، كە پێشتر دامەزرابوو بۆ ئەوەی رووداوگەلێك روونەدات هەڕەشە لەژیانی سەربازەكانی هەردوولا بكات لەراییكردنی ئەركەكانی خۆی بەردەوامە .

دوای بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كێشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا و رێگەدان بەهێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ، هێزەكانی روسیا لەبەشێك لە بنكە سەربازییە چۆڵكراوەكانی ئەمەریكا جێگیر بوون و دوای گەڕانەوەی بەشێك لەهێزەكانی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە ناوبەناو بەریەككەوتن و گرژی لەنێوان تیمە گەڕۆكە سەربازییەكانی ئەو دوو وڵاتەدا درووست دەبێت، تەنانەت ماوەیەك پێش ئێستا روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوە كرد بەمشتەكۆڵە شەڕ لەنێوان سەربازانی روسیا و ئەمەریكا درووست بووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی