بەرهەم ساڵح گوێ بەهەڕەشەی میلیشیا پاشكۆكانی ئێران نادات

لە میدیاکانەوە

23/01/2020‌ 1943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:   
بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق بە هەنگاوەكانی، بەردەوامە لەدووركەوتنەوەی زیاتر لە بازنەی فەرمانڕەوایی پاشكۆی هەژموونی ئێرانی لەعێراق، ئەمەش زیاتر و زیاتر لە شەقامی ڕاپەڕیووی نزیك دەكاتەوە، كە چوار مانگە دژ بەچینە سیاسییەكەی عێراق لە خۆپیشانداندان.

بەرهەم ساڵح ئەو هەڕەشانەی پشتگوێ خستوون، كە خودی ئەویان بە ئامانج گرتووە، هەڕەشەی ئەوەی لێكرابوو، كە نابێت لە كۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كۆبێتەوە. 

بەڵام بەرهەم ساڵح ڕۆژی چوار شەممە، لە پەراوێزی كۆڕبەندەكە لەگەڵ ترامپ كۆبووەوە، ‌ هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو سەرۆكی عێراق ئەو هەلەی قۆزتەوە بۆ جەختكردنەوە لەسەر هاوبەشبەندی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عێراق، ئەمەش ئاماژەیەكە بە وەستانەوەی لەدژی بڕیاری هێزە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق بە كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ووڵاتەكەیان.

هەردوو سەرۆك جەختیان لە پێویستی و گرنگی پاراستنی ڕۆڵی سەربازی ئەمریكا كردووە لە عێراق، هەروەك كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند.

لەبەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا هاتووە، كە هەردوو سەرۆك كۆكبوون لەسەر گرنگی بەردەوامی هاوبەشبەندی ئابووری و ئەمنی نێوان وڵاتەكانیان، لەوانەش جەنگی دژ بە داعش. 

لەبەیاننامەكەدا هاتووە، ترتمپ وابەستەیی وڵاتەكەی دووپاتكردووەتەوە بە پابەندبوون بە سەروەری و سەقامگیری و گەشەسەندنی عێراق.

ڕۆژنامەی عەرەب لە چەند سەرچاوەیەكەوە ئەوەی زانیووە، كە ترامپ بەڵێنی بە هاوتا عێراقییەكەی داوە،‌ ژمارەیەكی زۆری سەربازانی وڵاتەكەی لە عێراق بكێشێتەوە، بەڵام بەگوێرەی چەند داڕشتەیەك، كە ئەمریكا دایڕشتوون، ئەمەش‌ بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی واشنتۆن بۆ دۆخی عێراق و ناوچەكە،‌ نەك لەبەر فشاری ئێرانییەكان.

ئەو سەرچاوانە، كە ئاگاداری بەشێك لە دانیشتنەكەی هەردوو سەرۆكن، دەڵێن بەرهەم ساڵح كۆششی زۆری كردووە بۆ ڕاڤەكردنی مەترسییەكانی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە دۆخی بەرەنگاربوونەوەی هەردوولا لەسەر خاكی عێراقدا، دووپاتی ئەوەش كراوەتەوە كۆششەكانی سەرۆكی عێراق، جێگەی گرنگیپێدانی سەرۆكی ئەمریكا بووە، كە دووپاتیكردووەتەوە واشنتۆن نیازی ئەوەی‌ نییە لە عێراق بمینێتەوە، ئەگەر عێراق ئەو مانەوەی‌ پێ باش نەبێت.

كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراقی و بزووتنەوەی نوجەبای شیعی، كە دوو لە گەورەترین میلیشیا شیعەكانی عێراقن، هۆشداری ئەوەیان داوەتە بەرهەم ساڵح نابێت چاوی بە دۆناڵد ترامپ بكەوێت، ئەگەرنا، ئەوا لە بەغدا دەریدەكەن.

ئەبو عەلی عەسكەری، كە بەرپرسێكی كەتیبەكانی حیزبوڵایە جەختی لەوە كردووەتەوە، كە نابێت بەرهەم ساڵح دوناڵد ترامپ و دارودەستەكەی ببینێت، ئەگەر ئەوە بكات دەستخوشی لێناكەن و كار بۆ دەركردنی دەكەن لە بەغدای پایتەخت.

بزووتنەوەی‌ نوجەبا ئەوەیان ڕاگەیاند، پێیان سەیرە كەسێك نوێنەرایەتی عێراق و گەل و پەرلەمانەكەی بكات، لەگەڵ سەرۆكێك كۆبێتەوە خاكی عێراقی زەوت كردووە و لێی ناكشێتەوە، لەكاتێكدا ناوبراو بەرپرسی یەكەمی پاراستنی خاكی عێراقە.

دوای كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح و ترامپیش، میلیشیا پاشكۆكانی سەر بە ئێران بەردەوامبوون لە هێرشكردنەسەر سەرۆك كۆماری عێراق، نەسڕ شمری جێگری ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا داوای لەبەرهەم ساڵح كرد دەستلەكاربكێشێتەوە، بەو پێیەی كوردیشە بە جوداخوازیشی لە قەڵەمدا.

بەرپرسانی عەسائیبی ئەهلی هەق، تۆمەتی جۆراوجۆریان دایەپاڵ بەرهەم ساڵح، لە بەرانبەر ئەوەی چاوی بە ترامپ كەوتووە.

محمەد غوبانی سەركردەی دیاری ڕێكخراوی بەدر و وەزیری ناوخۆی پێشوو، لە دوای چاوپێكەوتنەكەی بەدۆناڵد ترامپ، هێرشی توندی كردەسەر بەرهەم ساڵح. 

ڕووی دەمیشی كردە ڕاوێژكارە شیعەكانی سەرۆك كۆمار، كە چۆن پێشوازی لە كەسێك دەكەن لەگەڵ بكوژانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس كۆبووەتەوە.

دیارە موقتەدا سەدر بەوردی چاودێری دۆخی بەرهەم ساڵح دەكات، پەی بەوە دەبات خەریكە بە تەواوی جڵەوی سیاسەتی وڵاتی دەكەوێتە دەست، كە لەوانەیە لە شەقامی نزیكتر بكاتەوە، بۆیە دوای چەند كاتژمێرێك لە یەكتر بینینی ترامپ و بەرهەم ساڵح، لە ڕێگەی واڵی یەكێك لە نزیكەكانییەوە لەفەیسبووك (ساڵح محەمەد ئەلعێراقی) پۆستێكی خێرای كرد و بە تەنزەوە نووسیوویەتی: سەرۆك كۆماری پایەداری پارێزەری سەروەری عێراق و شۆڕشگێڕەكانی. 

ئەم پۆستە دەنگدانەوەیەكی زۆری لای لایەنگرانی سەدر هەبوو، چاودێرانیش بە وەرچەرخانی لە قەڵەم دەدەن لە هەڵوێستی موقتەدا سەدر، كە لەو چەند ڕۆژەی پێشوو داوای سازدانی خۆپێشاندانێكی ملیۆنی كردووە بۆ كردنەدەرەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە عێراق.

چاودێران دەڵێن هەڵوێستی سەدر لە پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح، ڕۆڵێكی یەكلاییكەرەوە دەبینێت لە دووبارە ئاراستەكردنی گفتوگۆكانی ئایندەی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق.

بەگشتیش میدیای عێراقی سەر بە ئێران،‌ كۆبوونەوەكەیان لەجوغزی نیشتمانی وەدەرنا و خستییانە قاڵبی نەتەوەییەوە، وایان نیشاندا دیدارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق دیداری كوردێكی جوداخوازە لەگەڵ ئەمریكای دوژمندا.

بەرهەم ساڵح بووەتە یەكەم فۆڕمی بەرپرسێكی عێراق، كە لە دیدگای ئێرانی یاخی بێت سەبارەت بەو فۆڕمەی پێوستە پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغدای پێ ڕێكبخرێت.

بەرهەم ساڵح زۆرینەی سەركردە كوردی و سونییەكان بەرەو پەیوەندی تۆكمە لەگەڵ ئەمریكادا ڕاپێچ كردووە، ئەمەش پێچەوانەی ئارەزوومەندی شیعەكانەوە كە گەرەكیانە بۆ ڕازیكردنی ئێران، بە تەواوی پەیوەندییەكان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنن و هێزەكانیشیان لە عێراق وەدەرنێن.

ئەو هەڕەشانەی لە بەرهەم ساڵح كران، لە ناوەندەكانی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و بزاوتی خۆپیشاندەراندا، شەپۆلێك گاڵتەجاڕیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەندیكی دیكەیان سەریان سوڕما لەوەی چۆن میلیشیاكان بوێری ئەوەیان هەیە بە ئاشكرا‌ هەڕەشە لە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار بكەن و هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتیش بێدەنگبن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ملكەچی و گەردنكەچی تەواوی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەو میلیشیا چەكدارانە.

دیدارەكەی ترامپ، یەكەم هەنگاوی یاخیبوونی سەرۆك كۆماری عێراق نییە لە دیدگای ئێرانی، چونكە پێشتریش پلانی ناونانی سەرۆك وەزیری تازەی عێراقی بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی لە باربرد كە سەر بە ئێران بوو.

سەرۆك كۆمار كۆششەكانی پاڵێوراوەكەی‌ هاوپەیمانی "بینا" ی بۆ دانانی قوسەی سوهەیل لەباربرد كە نزیكە لە نوری مالكییەوە، هەروەها ئەوەی‌ سەعد عیدانی كە نزیكە لە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانییەوە، ئەمەش بە تەواوی ئێرانی توڕە كردووە.

دزە بەو هەواڵانەش كراوە كە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی فرمانی بە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی كردووه،‌ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو بنێرنەسەر كۆشكی سەلام لە بەغدا، ئەمەش لەو ئان و ساتەی مشتومڕی دانانی قوسەی سوهەیل و سەعید عیدانی لەئارادا بووە.

پێشتریش سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەكی توندی دژ كردەی سەركوتكارییەكانی حكومەت دەكرد كە دژ بە خۆپێشاندەران پیادەكران، ڕەخنەی توندیشی لەوە گرت كە ژمارەیەكی زۆری قوربانیان لەو كردە سەركوتكارییانە كەوتوونەوە.

چاودێران دەڵێن بەرهەم ساڵح كاریگەری گەورەی كاریزمای خۆی قۆزتۆتەوە لەوەی پێگەیەكی گرنگ و كاریگەر ببەخشێتە پۆستی سەرۆك كۆمار كە لە بنەواشەدا زۆرینەی دەسەڵاتەكانی ڕوخسارین، ئەمەش بۆ دروستكردنی كاریگەری گەورە لەسەر ڕەووتی ڕووداوەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ، لەمەشیاندا پشتئەستور بووە بە بەهێزی پەیوەندییە دەرەكییە پتەوەكانی.

سیاسەتمەدارە سونەكان دەڵێن كە بەرهەم ساڵح بۆتە جێگەی ئومێدی گەورەی چەندەها توێژی كۆمەڵگای عێراقی كە ناوێران لە ترسی ئێران هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان دەربڕن، پێشیان وایە كۆششەكانی سەرۆك كۆمار ئومێدی ئەوەیان لێدەكرێت ئاراستەیەكی تازەی پێچەوانەی ئاراستەی ئێرانی سەبارەت بە عێراقی لێبكەێتەوە، بەمەش لایەنگرێكی زۆری بۆخۆی پەیدا كردووە؛ چ لە ناو ڕیزەكانی خۆپێشاندەران یاخود لە ناو چینە سیاسییە كوردی و سونییەكان. 

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر