ژمارەیەكی خەیاڵییە.. سەروەت و سامانی مێسی چەندە؟

وەرزش

13/02/2020‌ 1788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەهۆی ئەو سەركەوتنانە لەماوەی ساڵانی رابردوو بەدەستی هێناوە و ئەو ناو و ناوبانگەی لە هەموو جیهاندا پەیدای كردووە، سەروەوەت و سامانی لیۆنێل مێسی گەیشتووەتە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

بەگوێرەی گۆڤاری "لیكیب"ی فەرەنسی ، لیۆنێل مێسی مانگانە ٨،٣ ملیۆن یۆرۆ لەیانەی بەرشەلۆنە وەردەگرێت، كە ساڵانە دەكاتە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

بەگوێرەی گۆڤارە فەرەنسییەكە ، مێسی جگە لە موچەی یانە ئیسپانییەكە ، چەندین گرێبەستی پڕداهاتی لەبواری ریكلامكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی وەك ئادیداس بۆ بەرهەمە وەرزشییەكان، پێپسی بۆ خواردنەوە غازییەكان، كۆنامی بۆ یارییە ڤیدیۆییەكان كردووە.

جگە لەوەی مێسی گرێبەستی لەگەك كۆمپانیاكانی تریش كردووە بۆ ئەوەی ببێت بە رووی ریكلامی ئەوان وەك جیلێت بۆ كەلوپەلەكانی ڕیشتاشین و تاتا بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبیل .

پێگەی "وێڵسی گۆرێللا" دەڵێت سەروەت و سامانی مێسی دەگاتە ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ هەڵكشانی ناوناوبانگیشی ساڵانە سەروەت و سامانەكەی زیاد دەكات.

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، لەم دواییە راپۆرتێك ئاشكرایكردووە، كە داهاتی میسی لەپێگەی ئینستاگرام دەگاتە ٢١ ملیۆن دۆلار، كە ئەوە داهاتێكی ترە هاتووەتە سەر داهاتەكانی تری ئەو یاریزانە.

پێناچێت سامانی میسی بەمنزیكانە روو لەكەمبوونەوە بكات، بەتایبەت لەگەڵ لێدوانی خۆخسیە ماریا بارتۆمیۆ سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە، كە داوای كردووە گرێبەستێكی هەمیشەیی لەگەڵ میسی واژووبكەن.

بارتۆمیۆ رایگەیاندووە، ئەو بەردەوام باشتر دەبێت و بەردەوام داهێنان دەكات، پێمان وایە ئەو هێشتا چەندین ساڵی تری لەبەردەمدایەو لەماوەی چەند مانگی داهاتووشدا لەگەڵی دادەنیشین بۆ ئەوەی چەندین ساڵی داهاتووش هەر لەناو بەرشەلۆنەدا بمێنێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی