هه‌رێمی كوردستان گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران راده‌گرێت

کوردستان

21/02/2020‌ 360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
به‌ بڕیاری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی راگیران.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ نوسراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، "بڕیاردرا بە راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران تا ماوەیەكی نادیار".

ئه‌مڕۆش بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتووچۆی گەشتیاران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران راگیرا.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەڵێت، "دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانییەوە بنکەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار کرایەوە، کە لە کاژێر 00:00ی 21-2-2020 ەوە هاتووچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە رابگیرێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، "ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی کە لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاش پشکنینیان لەلایەن بنکەی تەندروستی پەروێزخانەوە بەنووسراوی فەرمیی پزیشکیی بنکەی نشینگەی پەروێزخان لەجێگیریی دۆخی تەندروستییان ئاگادار دەکرێتەوەو ئەوکات رێگەی ئەوەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان".

بەپەلە