ئەمریكا لەهەڵبژاردنی عەلاوی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت نیگەرانە

عیراق

27/02/2020‌ 1550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییەكان باس لەوە دەكەن ئەمەریكا نیگەرانە لە دەستنیشانكردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێی عێراق بەوپێیەی ناوبراو سەر بەیەكێك لەو كوتلە سیاسییانەیە، كە لایەنداری  ئێرانن، ئەوەش ئەو ئەگەرە زیاتر دەكات هەژموونی ئێران لەسەر حسابی هەژموونی ئەمریكا لە عێراق زیاد بكات.

بەپێی میدیاكان ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان محەمەد تۆفیق عەلاوی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راددەی ئەو جیاوازییەی دەرخست، كە لەنێوان بۆچوونی واشنتۆن و بەغدادا هەیە، هەروەك راددەی ئەو نیگەرانییەی واشنتۆنی دەرخست، كە لە بەردەوامبوونی یاریی گۆڕینی كورسییەكاندا هەیە  بێئەوەی هیچ ئومێدێك بۆ گۆرانكاری راستەقینە لە سیاسەتی عێراق لەئارادابێت، كە ئەمە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كار دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە . 

لەكاتێكدا شیكەرە سیاسییەكان لە ئەمەریكا پێیان وایە عەلاوی بۆ هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران وەك دەرگایەكی داخراو وایە، بەجۆرێك بەهیچ جۆرێك  توانای ئەوەی نییە دوو لەگەورەترین كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، كە ئەوانیش هەرەسهێنانی رەوایەتی چینی سیاسی، كە لەدوای ٢٠٠٣ و فەرمانرەوایی عێراق دەكەن و ملكەچبوونی بەردەوام و روو لەزیادبوونی عێراق بۆ هەژموون و دەسەڵاتی ئێران لەناو وڵاتدا.

ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پۆمپیۆ، كە تێیدا جەختی لە داواكاری ئەمەریكا كردبووەوە بۆ پاراستنی سەربازەكانی لە عێراق و وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران، كە ماوەی چەند مانگێكە خۆپیشاندان دەكەن مانای ئەوە دەگەیەنێت، كە واشنتۆن لە بەرنامەی سیاسی عێراق بێزارە و باشیش دەزانێت لە ئایندەیەكی نزیكدا هیچ شتێك ناگۆڕێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی