ئەگەری شكستی گفتوگۆكانی شاندی كوردی‌و عەلاوی هەیە

کوردستان

29/02/2020‌ 1398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی لەناو شاندی دانوستانكاری كورد لەبەغدا ئاشكرایكردووە، كە لە رۆژی پێنجشەممەوە دانوستانەكانی نێوان شاندی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بێ گەیشتن بەهیچ لەیەكتێگیەشتنێك كۆتاییان هاتووە، دەشڵێت: لەیەك حاڵەتدا نەبێت دانوستانەكان دەستپێناكەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە، كە ناوی نەهێنراوە لەلێدوانێكدا بەپێگەی مەعلوومەی راگەیاندووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە هێزە كوردییەكان دانووستانەكانیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو راگرتووە، لەو رۆژەشەوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێمە و عەلاویدا نەبووە.

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا سەرچاوەكە رایگەیاندووە، مەرجی ئێمە روون و ئاشكرایە و پێمان وتووە كەی گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستتدا هات‌و لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا مەرجەكانی ئێمەت جێبەجێكرد ئەوە پشتیوانیت دەكەین، بەڵام ئەوە ناچینە ناو هیچ دانوستانێكی نوێوە لەسەر هیچ ئاستێك.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئێستا عەلاوی لە هەڵوێستێكی قورسدایە لەبەر ئەوەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان پشتیوانی حكومەتەكەی ناكەن و لە تێپەڕاندنی كابینەكەیدا سەركەوتوو نابێت.

پێشتر سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار باسی لەوە كردبوو، كە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێرداو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ ئەوەی كابینەكە وەزارییەكەی عەلاوی متمانەی پێبدرێت.

بڕیاربوو ئەمرۆ شەممە دانیشتنی متمانەدان بە كابینەكەی نوێی حكومەت لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای عەلاوی تا تەواوكردنی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دانیشتنەكەی پەرلەمان دواخرا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی