دەیانەوێت بەدەردی عەللاوی بەرن .. جوڵەیەکی پەرلەمانی هەیە بۆ ڕێگرتن لە سەرکەوتنی زورفی

عیراق

18/03/2020‌ 1124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی زانیارى سەرچاوەیەکی ئاگادار لەپەرلەمانى عێراق لەئێستادا جوڵەیەکی پەرلەمانی لەڕێگای ١٢٠ پەرلەمانتارەوە دەستیپێکردووە بۆئەوەی شکست بە راسپاردنی عەدنان زورفی بهێنن کە رۆژی سێشەممە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردا.

ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێت زورفى تووشی هەمان چارەنووسی محەمەد تۆفیق عەللاوی بکەن بەوەی نەتوانێت لەپەرلەماندا متمانە پەرلەمانتاران وەربگرێت.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە لەماوەیەکی نزیکدا هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەلایەن ئەو ١٢٠ پەرلەمانتارەوە دەردەچێت کە تێیدا راسپاردنی عەدنان زورفی رەتدەکەنەوە، هەروەک ئاماژەى بەوەکردوە، ئەو جوڵە پەرلەمانییە ئومێدی ئەوەیان هەیە ٥٠ پەرلەمانتاری تریش بێتە پاڵیان بۆئەوەی بتوانن لە پەرلەمانەوە شکست بە سەرۆک وەزیری راسپێردراو بهێنن .

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە عەدنان زورفی لەلایەن سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپێردرا هەندێک لایەن دژ بەو هەنگاوە بوون بەجۆرێک هەریەک لە هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و هەردوو کوتلەی عەقد و نەهجی نیشتیمانی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد.

هەردوو هاوپەیمانیەتیەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆمار ناویەتی چوارچێوە  دەستووری و عورفە سیاسییەکانی پێشێل کردووە بەوەی رەتیکردۆتەوە پاڵێوراوی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی رابسپێرێت ، هەروەک بەڵێنی ئەوەشیانداوە هەموو ڕێکارە یاسایی و سیاسی و جەماوەرییەکان بگرنەبەر بۆ راگرتنی لێکەوتەکانی ئەو راسپاردنە .

هەروەک لای خۆیەوە رەوتی حیکمەی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم رایگەیاندووە کە دژ بە میکانیزمی راسپاردنی عەدنان زەرفییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پارێزی بەرانبەر بەو رێگایە هەیە کە لە راسپاردنەکەدا پشتی پێبەستراوە .

س.هـ