شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە لە ناوچەی "هاوای" چەكێكیان تاقیكردووەتەوە، كە خێراییەكەی دەگاتە پێنج ئەوەندەی خێرایی دەنگ، ئەوەش لەكاتێكدایە هەریەك لە چین و رووسیا توانا سەربازی و بەرگری هاوشێوە پەرە پێدەدەن.
چەكەكە بەجۆرێكە دوای ئەوەی لەڕێگای مووشەكێكەوە بۆ بەرزایی ٤٠ بۆ ١٠٠ كیلۆمەتر بەرزدەكرێتەوە، گالیسكەكە لەمووشەكەكە جیادەبێتەوە و بەخێراییەك، كە دەگاتە پێنج ئەوەندەی خێرایی دەنگ بەرەو ئامانجەكەی دەڕوات.
ئەو جۆرە گالیسكانە دەتوانن بەئاڕاستەی پێشبینینەكراودا بڕۆن و لەكاتی نزیكبوونەوە لە ئامانجەكەی مانۆڕی سەخت ئەنجام بدات، هەروەك دەتوانێت بە ئاڕاستەیەكی زۆر درێژتر و نزمتردا بروات لەوەی، كە موشەكە بالیستییەكان پێیدا دەڕۆن.
هاوكات پنتاگۆن لەبەیاننامەكەیدا رایگەیاندووە، كە هێزی دەریایی و سوپای ئەمەریكا بەیەكەوە پرۆسەی هەڵدانی گالیسكەكەیان بەڕێوە بردووە، كە تا گەیشتنی بە خاڵی ئامانجگیراو پێنج قاتی خێرایی دەنگ رۆیشتووە.
هەروەك رایگەیاندووە، ئاژانسی بەرگری موشەكی لە پنتاگۆن، لە ئەزموونی هاویشتنیدا داتاكانی ڕێرەوی رۆیشتنی گالیسكەكەی كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی لەپەرەپێدانی بەردەوامی ئەو سیستەمانە سوودی لێوەربگرێت، كە بۆ بەرگریكردن لەو چەكانەی دوژمن دیزاین دەكرێن، كە خێراییەكی هاوشێوە و لەڕاددەبەدەریان هەیە.
ساڵی ٢٠١٧ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا موشەكێكی تاقیكردەوە، كە هەمان ئەندازە خێرایی هەبوو، هەروەك ئەمەریكا نیازی هەیە لەماوەی پینج ساڵی داهاتوودا ئەو جۆرە چەكانە بڵاوەپێبكات، كە خێراییەكی لەڕاددەبەدەریان هەیە.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی