لیژنەی دارایی راسپاردەی خۆی بۆ بڕینی موچەی بەشێك لە فەرمانبەران دەكێشێتەوە

ئابوری

25/03/2020‌ 916 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە شانەی قەیرانەكانی سەر بەلیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، كە راسپاردەیەكیان بۆ شانەی قەیرانەكانی حكومەتی بەغدا بەرزكردووەتەوە و تێیدا داوایان كردووە لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێك لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ببڕدرێت و بخرێتە سەر حسابی شانەی قەیرانەكانی حكومەت، دواتر لەبەیاننامەیەكدا شانەكە رایگەیاند، ئەو راسپاردەیەیان كێشاوەتەوە.

لەو بارەیەوە هەیسەم جبووری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەبەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند، شانەی قەیرانەكانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران راسپاردەی خۆی بۆ بڕینی بەشێك لەموچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت كێشاوەتەوە، ئەوە بەو واتایەی هیچ برە پارەیەك لە موچەی فەرمانبەران نابڕدرێت.

رۆژی سێشەممە هەیسەم جبووری سەرۆكی لیژنەكە وردەكاری بڕینی موچەی فەرمانەرانی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی وتبوو، كە بەپیی ئەوە بڕینی موچەكە بۆماوەی دوو مانگ دەبێت و فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تەندروستی و دەزگا ئەمنییەكان لەبرینی موچە بەدەركرابوون.

لەبەشێكی تری راسپاردەكاندا هاتبوو، كە ٢٥٪ ی موچەی پلە تایبەتەكان و لەسەدا پێنجی موچەی فەرمەنبەرانی پلە چوار بۆخوارەوە ببڕدرێت و بخرێتە سەر حسابی شانەی قەیرانەكانی حكومەت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی