ئەگەر هەیە سەدر لە پشتگیركردنی عەدنان زورفی بكشێتەوە

عیراق

28/03/2020‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەیەكی عەرەبی،  رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر خەریكە لە پشتگیریكردن لە  عەدنان زورفی پاشگەز دەبێتەوە و دەچێتە پاڵ هێزەكانی تری وەك هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا بۆ گۆڕینی ناوبراو و راسپاردنی كەسێكی تر بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو.

ئەمە لەكاتێكدا زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن، كە هێزە شیعییەكان ئاماژەی ئەوەیان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ناردووە، كە بەرانبەر بە دەستبەردان لە زورفی پشتیوانی ئەوە دەكەن سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت بە پارتی دیموكرات.

لەو بارەیەوە رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەی لەسەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە گواستویەتییەوە، لەم هەفتەیەدا نوێنەرانی رەوتی سەدر بۆیەكەم جار گوێیان لەبژاردەكانی هێزە سیاسییەكانی تری شیعە گرتووە بۆ باسكردن لەشوێنگرەوە گریمانكراوەكانی عەدنان زورفی.

ئەو سەرچاوەیە وتی: لەگەڵ ئەوەی رەوتی سەدر هێشتا پێی وایە زورفی بۆ ئەم قۆناغە، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە شڵەژانێكی گەورەی جیهانیی درووستكردووە دەرفەتێكی گرنگە، بەڵام تەنیا دانیشتنیان بۆ گوێگرتن لەباسكردن لە شوێنگرەوەكانی زورفی زیان بەچانسی سەرۆك وەزیری راسپێردراو دەگەیەنێت بۆ تەواوكردنی كابینەكەی.

باس لەوەش كراوە، كە هێشتا رەوتی سەدر هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆیان دەرنەبڕیوە، كە ئاماژە بێت بەوەی ئەو ڕەوتە دەستبەرداری زورفی بوون، بەڵام چەند ئاماژەیە هەیە مانای ئەوە دەگەیەنن پلانی هێزە سیاسییە شیعییەكانی نزیك لە ئێران بۆ گەمارۆدانی سیاسییانەی زورفی سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

هەفتەی رابردوو لەدوای ئەوەی حەوت هێزە شیعییەكە شكستیانهێنا لەوەی لەماوەی دەستووریدا پاڵێواروێكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بكەن، سەرۆك كۆمار عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووی نەجەفی بۆ ئەو ئەركە راسپارد.

لەكاتی راسپاردنییەوە ، رەوتی سەدر پاڵپشتی بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری كرد و زۆر بەتوندی دژ بەو هەوڵانە وەستایەوە، كە هێزە شیعییەكانی لایەنگری ئێران بۆ دوورخستنەوەی زورفی دەیدەن و تۆمەتباری دەكەن بەوەی پیاوی ئەمەریكایە و كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات لە عێراق.

ئەو هێزە سیاسییە شیعییانەی هەواداری ئێرانن سەرۆك كۆمار بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە پێشێلی مافی پارتە شیعییەكانی كردووە و كەسێكی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران راسپاردووە، كە كۆدەنگی هەموو لایەنە شیعییەكانی لەسەر نییە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە ئەو هێزانە پەیامی ئەوەیان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووە، كە ئەوان ئامادەن  لەبەرانبەر دەستهەڵگرتنی پارتی لەپشتیوانیكردنی زورفی لە پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح بكەن و پۆستەكە بدەنە ئەو كەسەی، كە ئەو پارتە دەستنیشانی دەكات .

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەی رۆژنامەكەدا هاتووە لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگی یاسایی و دەستووریی زۆر لەبەردەم هەر هەوڵێك هەیە، كە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك كۆمار بدرێت، بەڵام ئەو هێزانە پێیان وایە ئەگەر بێت و كوتلە كوردی و سوننییە گەورەكان بێنە پاڵیان ئەوە لەپەرلەمان زۆرینەی پێویست پێكدەهێنن .

هەروەها وتوویەتی: بارزانی زۆر مەبەستی بوو پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كەسێكی نزیك لەخۆی بێت، كە ئەویش فوئاد حوسێنە و ئێستا وەزیری داراییە، بەڵام بەرهەم ساڵح پشتیوانی زیاتری پەرلەمانتارانی هەبوو.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی