ئەفسەرێكی باڵای سەربازی باس لەپرۆسەیەكی سەربازی چاوەڕوانكراوی سوپای ئەمەریكا لەعێراق دەكات

عیراق

29/03/2020‌ 12862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
تویتێكی ئەفسەرێكی باڵای سەربازی عێراقی لە تویتەر كاردانەوەیەكی گەورەی لەناو ژمارەیەكی زۆری چالاكان و میدیاكاراندا هەبووە بەوەی ئەمەریكییەكان پلان بۆ ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی نوێ" لە عێراقدا دادەرێژن.

هەروەها رۆژنامەنووسێكی ئێرانیش باسی لەوە كردووە، كە لەناو میدیای ئێرانیدا بەگەرموگوڕی باس لەئەگەری رووداوێكی چاوەڕوانكراو لەعێراقدا دەكرێت.

 

لیوا روكن عەلی محەمەدی لەتویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نووسیویەتی: ئەو پرۆسە سەربازییەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لەعێراق ئەنجامی دەدەن ناوی "بەرەبەیانی نوێ" دەبێت.

محەمەدی هەروەها نووسیویەتی: ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ناوەندی گردبوونەوەی هەموو ئەو رەوتە سیاسییانە بەئامانج دەگرێت، كە لە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا، یاخود هێرشكردنە سەر بوونی سەربازی ئەمەریكا لەعێراق لە سەربازگە عێراقییەكاندا بەشداربوون.

قسەی ئەو ئەفسەرە باڵایەی سوپای عێراق لەكاتێكدایە، كە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی رۆژی شەممە لەراپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو، كە پنتاگۆن ڕێنمایی تازەی ئاراستەی فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا كردووە بۆ ئەوەی پلانی هێرشكردنە سەر گروپە چەكدارییەكانی لایەنگری ئێران لە عێراق دابڕێژن.

هەر لەو چوارچیوەیەدا، محەمەد ئەهوازی رۆژنامەنووسی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەوەی لەناو میدیای ئێرانیدا دەگوزەرێت پشتراستكردنەوەی ئەوەیە، كە بەم نزیكانە رووداوێك لە عێراق ڕوودەدات.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بە قسەی رۆژنامەنووسێكی دیاری ئێرانی كردووە، كە دەڵێت: دەبێت شەقامی ئێرانی ئامادە بكەین بۆ ئەوەی بەم نزیكانە لەعێراق روودەدات.


ئامادەكردن ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی