شارپرێس:
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگهیاند، لە خاڵی جێگیربوونی هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستنهوە "زانیاریی لەسەر شوێنی ئەو سێ گەریلایەمان ئاشکرابووە".
15ی ئهم مانگه فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە دوو کاتی جیاوازدا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر زینی وەرتێ و کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە سێ گەریلا لە زینی وەرتێ شەهیدبوون و سێ ژنی مەدەنیش لە کامپی مەخمور شەهیدبوون.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئهمڕۆ ههینی له راگهیهندراوێكدا و وردەکاریی چوونی گەریلاکانیانی بۆ زینی وەرتێ و چۆنییەتی شەهیدبوونیان روندەکاتەوە و رایگهیاند، "تیمێکی سێ گەریلاییمان چووبوونە خاڵی جێگیربوونی هێزەکانی پارتی لە زینی وەرتێ و پێیان وتبوون، کە مانەوەیان لەو ناوچەیە ڕاست نییە و داوایان لێکردبوون ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، دواتر ئەو تیمە لە نزیک بارەگای هێزەکەی پارتی جێگیرببوون".
باسی لهوهشكردووه، "ڕۆژێک دوای ئەو سەردانە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆردوومانی خاڵی جێگیربوونی ئەو تیمەی گەریلایان کرد و هەرسێکیان شەهیدبوون، ئەو هێرشەش لە ئەنجامی زانیاریی هەواڵگرییدا پێکهاتووە، لەو شوێنەی سێ گەریلاکەی ئێمەی لێبووە نە بارەگا هەبووە نە هیچ شتێک، بۆیە بۆمان ڕوونبوونەوەتەوە کە لە خاڵی هێزەکانی پارتییەوە زانیاریی لەسەر ئەو سێ گەریلایەمان ئاشکرابووە".
له راگهیهندراوهكهی كهجهكهدا هاتووه، ئەو سێ گەریلایەی لە زینی وەرتێ شەهیدبوون خەڵکی باشور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانن.
کۆما جڤاکێن کوردستان جێگیربوونی هێزەکانی پارتیش لە نزیک ئەو شوێنەکانی گەریلا بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە گەریلا ناودەبات لەلایەن پارتییەوە و دەڵێت، لەڕاستیدا جێگیربوونی هێزی پارتی لە زینی وەرتێ ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەریلا، لەسەر داواکاریی تورکیاش پارتی فشاری 'لێرە دەربچن' لە گەریلا دەکات.
کەجەکە ئاشکرای دەکات، "پارتی و تورکیا ڕێککەوتوون بۆ گەمارۆدانی قەندیل، رێککەوتوون لەسەر گەمارۆدانی قەندیل و چاوەڕوان دەکرێت لەکاتێکی گونجاودا دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر قەندیل، بۆیەش پارتی هێزەکانی لەنزیک شوێنەکانی گەریلا زیادکردووە".