هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: شوێنە گشتییەکان قەرەباڵغ مەکەنەوە، با نەخۆشخانەکان پڕ نەبنەوە لە ئازیزان

کوردستان

18/04/2020‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزگاری سلێمانی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی هاوڵاتیان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، بازاڕ و شەقام و گەڕەک و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵغ مەکەنەوە، با نەخۆشخانەکان پڕ نەبنەوە لە ئازیزان.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌، "خۆشەویستان؛ خۆتان بپارێزن،  پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن، بۆ ئەوەی خۆتان و ئازیزان و کۆمەڵگاکەتان پارێزراوبێت".

باسی له‌وشه‌كردووه‌، خۆتان بپارێزن؛ بۆ ئەوەی بەشداربن لە کردنەوەی دەرفەتەکانی ژیان و بژێوی و تێپەڕاندنی لێکەوتە خراپەکانی پەتای کۆرۆنادا. 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌شڵێت، "بەریەککەوتن و تێکەڵاویی و قەرەباڵغیی دروستمەکەن ، ئێوە بە هۆشیاریتان دەتوانن خۆتان و مرۆڤایەتیی لەم مەترسییە گەردونییە ڕزگاربکەن".

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، سەرکەوتن چاوەڕوانی خۆپارێزیی ئێوەیە، ژیان ئومێدی لەسەر پابەندیی و خۆڕاگریتان هەڵچنیوە، بازاڕ و شەقام و گەڕەک و شوێنە گشتییەکان قەرەباڵغ مەکەنەوە، با نەخۆشخانەکان پڕ نەبنەوە لە ئازیزان.