دوای 9 ساڵ لە كوشتنی.. ئەو ئەفسەرەی ئوسامەی كوشت باس لە وردەكاری پرۆسەكە دەكات

لە میدیاکانەوە

05/05/2020‌ 1970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ١ی مایۆوی ساڵی ٢٠١١ ، تیمێك لە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا ناسراو بە SEAL Team6 ئوسامە بن لادنی ڕێبەری رێكخراوی قاعیدە و یەكێك لە دیارترین داواكراوە تیرۆریستەكانی جیهانیان كوشت.

لە یادی نۆیەم ساڵەی كوشتنیدا، ئوفسەر ڕۆب ئۆنێڵ ئەو كەسەی ئوسامەی كوشت، لە فیلمی "ئەو كەسەی ئوسامە بن لادنی كوشت"، كە كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی ئامادەی كردووە، وردەكارییەكانی كاتی جێەجێكردنی پرۆسەكەی گێراوەتەوە.

ئۆنێڵ باسی لەوە كردووە، كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە قورسە چەند هەفتەیەك راهێنانیان كردووە، دڵنیاش بووە لەوەی دەتوانن رێبەری ڕێكخراوی قاعیدە بكوژن.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەو شەوەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە رۆیشتوون وابیری كردووەتەوە، كە بەساغی ناگەڕێتەوە، هەروەك دەڵێت: كارەكە شایەنی ئەوە بوو قوربانی لەپێناودا بدرێت، ئێمە رۆیشتبووین ترسناكترین داواكراو و بەرپرسی سەرەكی لە رووداوەكانی یازدەی سێپتەمبەر دەستگیر بكەین.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئۆنێڵ دەشڵێت: لەناو كۆمەڵگە شووراكراوەكەی ئوسامەدا دابەزێنراون و تاگەیشتوونەتە ژووری خەوتنەكەی رۆیشتوون.

باسی لەوەش كردووە كاتێك بە قادرمەكاندا سەركەوتوون و گەیشتوونەتە ژوورری نووستنی ئوسامە و سەیریان كردووە لەوێ نییە، لەبەر ئەوەی لەپشت پەردەی راڕەوێكی درێژدا خۆی دەرباز كردبوو، لەكاتی دەرچوونیشیان لە ژوورەكە بۆ ڕارەوەكە بینیویانە كۆمەڵێك ئافرەت، كە كچ و هاوسەرەكانی لەناودابوون كە پشتێنی بۆبڕێژكراویان بەستووە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە پێس كوشتنی ئوسامە توانیویانە ئافرەتەكان بێكاریگەری بكەن .

ئوسامە بن لادن لە شاری "ئابووت ئاباد"، كە ١٢٠ كیلۆمەتر لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستانەوە دوورە لەپڕۆسەیەكی بەسەردانانی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكادا كوژرا، كە دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا سەرپەرشتی دەكرد و پرۆسەكە ماوەی ٤٠ خولەكی خایاند.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی