هاوپەیمانی فەتح بەكاندیدكردنی فوئاد حوسێن رازی نییە

کوردستان

12/05/2020‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی كورد دەڵێت: هەریەك لە فوئاد حوسێن و خالید شوانی دیارترین كاندیدی وەزارەتەكانی داد و دەرەوەن لە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی، بەڵام هاوپەیمانی فەتح كاندیدەكەی یەكەمیان رەتدەكاتەوە.

عوسمان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەشڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە خالید شوانی بۆ وەزیری داد و فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوەی حكومەتی عێراق كاندید بكەن.

مەحمود عوسمان روونیكردووەتەوە، كە بەمنزیكانە شاندێكی كوردی سەردانی بەغدا دەكات بۆ قسەكردن لەگەڵ كازمی و كوتلە سیاسییەكان لەسەر چەند بابەتێكی جێ ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا، وەك موچەی فەرمانبەران و هەناردەكردنی نەوت و دۆسییەی پێشمەرگە، ئەوە جگە لە ئەگەری گۆڕینی پشكی كورد لەو وەزارەتانەی حكومەتی عێراق كە بەبەتاڵی هێڵراونەتەوە وەك وەزارەتی دەرەوە و داد قسەیان لەبارەوە دەكرێت، بەوپێیەی وەزارەتی دەرەوە هیچ سوود و خزمەتێك بەكورد ناكات .

هەر لەو چوارچێوەیەدا فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، كە هەموو كوتلە سیاسییەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كەسانی نوێ بۆ پۆستە وەزارییەكان دابنرێت، بەوپێیە ڕێگە نادرێت فوئاد حوسێن وەك وەزیری دەرەوە متمانەی پێبدرێت.

فەتلاوی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشوازی لێنەكراوە لەبەر ئەوەی ڕێكەوتن كراوە هەموو وەزیرەكانی كابینەكەی پێشوو بگۆڕدرێن و هیچ ناوێكی كۆن قبووڵ نەكرێت.

ئەو وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هێشتا دانوستانەكان لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان بەردەوامە، بەڵام كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە قبوڵ ناكرێت‌و دەنگی پێنادرێت، بەتایبەتی كوتلە شیعییەكان بەهیچ جۆرێك بەو كاندیدكردنە رازی نابن.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی