رۆمانی کچەزاکەم بە کوردی

هەمەڕەنگ

05/05/2024‌ 702 جار خوێندراوه‌ته‌وه


نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە نوێترین كاری 
وەرگێڕانی خۆیدا، رۆمانی كچەزاكەم لە نووسینی نووسەری ئەڵمانی بێرنهارد شلینك لە زمانی ئەڵمانییەوە دەكاتە كوردی و لەلایەن ناوەندی چاپ و پەخشی رەهەندنەوە لە دووتۆیی 530 لاپەڕە چاپ و بڵاوكراوەتەوە. 

بێرنهارد شلینك یەكێكە لەو نووسەرانەی ئەڵمانیا كە بە نووسەرانی نەوەی دوای جەنگ دەناسرێن، چ لە رووی ناوەڕۆك و چ لەرووی فۆرمەوە ، تەواو جیاوازە و خاوەنی رێچكەی خۆیەتی. هەرئەمەش وایكردووە كە سەركەوتوو بێت. بەتایبەتی ئەو بابەتانەی كە هەڵیدەبژێرێت و قسەیان لەبارەوە دەكات، زۆر گرنگن.

 ئەو لە یەك كاتدا نووسەرو پارێزەر و دادوەر و مامۆستای زانكۆشە، كەسێك نەك تەنها لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵكو لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاساییشەوە، زۆر بە وردی ئاگاداری كێشەكانی كۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەڵمانیایە، هەربۆیە ئەمڕۆ لەناو میدیای ئەڵمانیدا، یەكێكە لە ناوە دیارەكان.

نووسەر هەوڵیداوە لەم رۆمانەدا بەشێوەیەكی ئەدەبی جوان، چیرۆكی تراژیدیای جیابوونەوەی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە باس بكات و لەهەمانكاتیشدا كاریگەرییە نەرێنیەكانی ئەم دابەشبوونە بخاتەڕوو. لەلایەكی ترەوە لەم رۆمانەدا موزیك بەگشتی و پیانۆ بەتایبەتی، پانتاییەكی باش داگیر دەكات و  نووسەر قسەی زۆر لەبارەی موزیك و موزیكژەن و تابلۆكێشە ناسراوەكانی جیهان دەكات. هەروەها بەهێزبوونی نازییە نۆییەكان و هێزە ڕاستڕەوەكان و پرسی بیانییەكان لە ئەڵمانیا، تەوەرێكی تری ئەم رۆمانەیە.

ئەم رۆمانە لە ساڵی 2021 دا بەناونیشانی « كچەزاكەم» بڵاوبوویەوە، هەر لەپاش بڵاوبوونەوەی چووە لیستی باشترین كتێبە باشەكانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2021 بەتایبەتی چووە لیستی كتێبە باشەكانی گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیا. ئەو گۆڤارە پێشی وایە كە لە ئێستادا، بێرنارد شلینك، یەكێكە لە سەركەوتووترین و هەمەلایەنترین نووسەرانی ئەڵمانیا. رەخنەگری ئەڵمانی ماركوس نۆیس دەڵێت: ئەم رۆمانە ئەزموونێكی پەروەردەیی گرنگە و دانوستان لە نێوان نەوەكانی ئەڵمانیای دابەشكراودا دەكات. كەناڵی ئێن ئار دێی  ئەڵمانیا لەمبارەوە راپۆرتی بڵاوكردەوەو دەڵێت: رۆمانی كچەزاكە، رۆمانێكی زۆر سەرنجراكێش و كاریگەرە. ژنە رەخنەگر و مامۆستای زانكۆ ئانا شتۆلبێرگە پێی وایە، رۆمانی كچەزاكەم، یەكێكە لە رۆمانە باشەكانی ئەڵمانیا و خوێنەر كە دەستی بە خوێندنەوەی كرد، ناتوانێت وازی لێبێنێت.
ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبخانەکانی  کوردستان دەستدەکەوێت

بەپەلە