کورتهێنان گەیشتۆتە ٦٩ ترلیۆن دینار.. پێشبینی دەکرێت عێراق ساڵی 2020 بێ بودجە تێپەڕێنێت

عیراق

22/05/2020‌ 421 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنینی کردووە ساڵی ٢٠٢٠ بی پەسەند کردنی بودجە تێپەڕێت ، هەروەک داواشی لە حکوومەت کردووە هێڵە گشتییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دیاری بکات .

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنەکە لەلێدوانێکدا رایگەیاند" لیژنەی دارایی داوای لە حکوومەت کردووە لەدوای جەژنی رەمەزان بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ رەوانەی پەڕلەمان بکات بۆئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت ".

باسی لەوەش کردووە ئەگەر بێت و لەدوای جەژنیش بودجە نەگەیشت و دواکەوت ئەوە ساڵی ٢٠٢٠ بێ بوونی بودجە تەواو دەبێت  ڕوونیشی کردۆتەوە کە ئەگەری هەیە حکوومەت ئەمساڵ بە خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی بودجە بەڕێ بکات .

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆئەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠٢٠ دووبارە نەبێتەوە و چارەسەری پێویست بۆ بودجەی بەکاربردن بدۆزرێتەوە ، ئەوە دەبێت حکوومەت دەست بکات بە دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢١  .

 بەهۆی بڵاوبوونەوەی قەیرانی دارایی و هەرەسهێنانی نرخەکانی نەوتەوە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تووشی کورتهێنانێکی گەورە بووە کە ئەمە وایکردووە پێویست بکات کە جارێکی تر چاو بە پرۆژە یاساکەدا بخشێنرێتەوە کە لەگەڵ ئەو دۆخە ئابوورییە نوێیەدا بگونجێت، کە بەقسەی ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق لەکۆی ١٠٥ تریلیۆن دیناری داهاتی عێراق ، تەنیا ١٠ تڕیلیۆن دینار داهاتی نا نەوتییە کە دەکاتە ٧٪ ی کۆی گشتی داهاتی ئەو وڵاتە .

بە قسەی سەففار کورتهێنانی بودجە گەیشتۆتە ٦٩ تڕیلیۆن دینار کە بەوپێیە نیوەی بودجەی عێراق کورتیهێناوە .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی